"پارتی ڕازی بووە پۆستی سەرۆک کۆمار بداتە یەکێتی"

لە کۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی‌ و شاندی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت کە لە پیرمام بەرێوەچوو، پارتی ڕازی بووە پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق بداتە یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتوون لەو کۆبوونەوەیە، مەسعود بارزانی ڕازی بووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بداتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام مەرجێکی هەبووە. 

بەپێی زانیارییەکان، مەرجی پارتی ئەوەیە کە بەرهەم ساڵح دانەنرێت، یەکێتی کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات. 

نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە هەریەک لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق‌ و فالح فەیاز و محەمەد شیاع سودانی سەردانی پیرمامیان کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ڕێڕەوی دانوساندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵی تاوتوێ كرا. 

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و تیایدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام تائێستا پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە رێكنەكەوتوون.


AM:09:11:11/10/2022