دڵشاد گەرمیانی: یادی مەولود سونەتە یان بیدعەیەکی فاتمیەکان

دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ له‌ په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌ یادكردنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دەڵێت" ئەگەر یادی مەولوود خێری تیا بوایە، پێغەمبەرمان پێی دەوتین ئەنجامی بدەین". 

لە پەیامەکەیدا دڵشاد گەرمیانی ئاماژە بەوە دەکات" ئەگەر یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر خێرێکی گەورە و هۆکاری نزیک بوونەوەی بەندەکان بوایە لە خودا، ئەوا رسول الله سەلامی خودای لەسەر بێت پێی ڕادەگەیاندین و هاوەڵانیش فەرمان و سوننەتەکەیان جێ بەجێ دەکرد و دەبووە دورشمێک لە دروشمەکانی دینەکەمان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاشکرایە کە ئەم کارە سوننەتی رسول الله نییە، وە ئەو هەموو هاوەڵانەش هەرگیز بیریان لە پەرستش (عیبادەتێک) نەکردۆتەوە کە لە بازنەی فەرمانەکانی قورئان و سوننەت بەدەربێت. 

دەقی وتارەکەی دڵشاد گەرمیانی:

یادی مەولود (سونەتی) رسول الله یە یان (بیدعە)یەکی فاتمیەکان

ئەگەر یادی لەدایک بوونی پێغەمبەرﷺ خێرێکی گەورەو هۆکاری نزیک بوونەوەی بەندەکان بوایە لەخودا، ئەوا رسول الله سەلامی خودای لەسەر بێت پێی ڕادەگەیاندین ،هەروەک بەڵێنی پێداوین و فەرموویەتی:(ما تركتُ شيئًا يقرِّبكم إلى الله إلا وأمَرْتُكم به)واته: هیچ شتێک نیيە لەخوداتان نزیک بکاتەوە بەجێم هێشتبێ و فەرمانم پێ نەکردبن. دیارە ئەگەر ئەم (یادی مەولودە)ش هۆکاری نزیک بوونەوەمان بوایە لەخوداو جۆرێک بوایە لەخودا پەرستی، ئەوا پێغەمبەری خودا ﷺ بەدڵنیاییەوە فەرمانی پێ دەکردین و پێی ڕادەگەیاندین و هاوەڵانیش فەرمان و سوننەتەکەیان جێ بەجێ دەکردو!!!  دەبووە دورشمێک لە دروشمەکانی دینەکەمان.

بەڵام ئاشکرایە کە ئەم کارە سوننەتی رسول الله نییە، وە ئەو هەموو هاوەڵە بەرزو بەڕێزانەش هەرگیز بیریان لە پەرستش(عیبادەتێک) نەکردۆتەوە کە لەبازنەی فەرمانەکانی قورئان و سوننەت بەدەربێت ، سەرمەشقی هاوەڵان و هەموو باوەڕداران (رَسُولِ ٱللَّهِ) یە وەک خودای گەورە دەفەرموێت (لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِى رَسُولِ ٱللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ)، سەرمەشق و سەروەرەمان یادی مەولودی نەکردوەو، پێمان دەفەرموێت ( مَن عَمِلَ عملًا ليس عليه أمرُنا فهو رَدٌّ .) 

هەر کەس هەر کردارێک ئەنجام بدات لەدینداو فەرمانی خوداو پێغەمبەری لەسەر نەبێ، ئەوە ڕەد دەکرێتەوە و وەرناگیرێت...
کەوابوو بۆ ئەنجام دانی هەر پەرەستش (عیبادەتێک) پێویستمان بەبەڵگەی شەرعی هەیە چونکە عیبادەت و خودا پەرستی تەوقیفیەو بۆ خودایە، دەبێ کات و جۆرو شێوازو چۆنیەتییەکەی الله جل جلاله دەستنیشانی کردبێت.

ئەگەر تەماشایەکی ئەو سێ سەدە زێڕینەش بکەین کە( هاوەڵان و تابعین و تابعی تابعین)تیایدا ژیاون و پێغەمبەری خودا ﷺ شاهیدی بۆ داون کە(خير الناس وخير القرون)ن، هیچ  کام لەو زانا بەڕێزانە کە چوار پێشەواکەی ئەهلی سوننەش لەخۆ دەگرێت( شافعی و احمدو مالک و ابو حنیفه) ئەم یادەیان نەگێراوە وهیچ بایەخ و گرنگییەکیان پێ نەداوە. 

 
هاوەڵان و زانایانی پێشینی چاکمان   زانیویانە بەدەست هێنانی خۆشەویستی خودا و نزیک بوونەوە  لەزاتی پاکی بە(إتباع)شوێنکەوتنی سونەتەکانی پێغەمبەرەکەیەتی ﷺ، هەروەک الله سبحانه وتعالى دەفەرموێت (قُلْ إِن كُنتُمْ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِى يُحْبِبْكُمُ ٱللَّهُ)واته :ئەگەر ئێوە خوداتان خۆش دەوێت شوێنی من بکەون خودا خۆشتانی دەوێت.

کەوابوو دەبێ شوێنی سونەتی رسول الله ﷺ بکەوین نەک شوێن کەوتنی سوننەتی(فاطميه)كان و داهێنانی یادو جەژنی مەولود بەپاساوی نابەجێ!!

 وەک هەندێک دەڵێن مەبەست لەیادی مەولود خودا پەرستی و لەخودا نزیک بونەوە (تقرب إلى الله) نیە، وەهەندێک دەڵێن یادی مەولود لەبابەتی عادات و هەڵس و کەوت و نەریتەکانە نەک عیبادەت!!! لەوەڵامی ئەم دوو شوبهەو گومان دورست کردنە دەڵێین هیچ کەسێک نییە کە یادی مەولود بکات و مەبەست لێی نزیک بونەوە لەخودا نەبێت و چاوەڕوانی پاداشتی قیامەت نەبێت، بەڵکو کارەکەیان بەعیبادەت دەزانن، و عیبادەتیش تەوقیفیەو دەبێ بەڵگەی هەبێت کەئەو کارو کردەوەیە فەرمانی خودا و پێغەمبەری لەسەرە، نەک بەویستی خۆمان یاد و جەژن و بۆنە بەناوی دینەوە دورست بکەین.

ئەوانەش یادی مەولود بە عادەت و نەریت و هەڵسووکەوتی ئاسایی خەڵک دەزانن، ناتوانن ئەوە بسەلمێنن کە مەولود تەنها عورف و عادەتێکە پەیوەستە بەدونیای خەڵکەوە و چەمکی خودا پەرستی تێدا نییە بەڵکو خەڵکی  عادەت و خوویان پێوە گرتوە، دیارە ئەو قسەیە بەوکەسانە بڵێیت کە ساڵانە یادی مەولود دەگێڕن، قبوڵیان نییەو ئەوە دەسەلمێت کە مەولود تقوسێکی دینییە و ناتوانرێ بەلەبەر کردنی بەرگی نەریت و هەڵسوکەوتەکان بەو قاعیدە شەرعیە (الأصل في العادات والمعاملات الحل) ڕەوایەتی پێ بدرێت!! ئەو قاعیدەیە مەرج (ضوابط)ی خۆی هەیە،نابێ بۆ حەڵاڵ کردنی هەر شتێک ویسترا دەستی بۆ ببريت.

ئەگەر چاوێکیش بەمێژوی دورو درێژی سەردەمی فەرمان ڕەوایەتی ئەمەویەکان و عەباسیەکانیشدا بگێڕین، شتێک نەبووە بەناوی جەژنی مەولود یان یادی لەدایک بوون ! بەڵکو بیدعەیەکە لەسەردەمی فاتمییەکاندا داهێنراوە و دواتریش بەڵگەی بۆ داتاشراوە.

لەکۆتاییدا ئەوە دەڵێم 

١.گریمان یادی مەولود بابەتێکی خیلافیە، وەسیەتی پێغەمبەری خودا ﷺ بۆ ئومەتەکەی لەکاتی خیلاف ئەوەیە کەفەرمویەتی (من يعش منكم فسيرى اختلافا كثيرا) ئەوەی بمێنێ و تەمەنی درێژ بێت خیلاف و ڕا جیاوازی زۆر دەبینێ، وە دەفەرموێتﷺ (فعليكم بسنتي وسنة الخلفاء الراشدين المهديين ، عضّوا عليها بالنواجذ) لەسەر ئێوەیە کە دەست بەسوننەتی من و خەلیفە ڕاشيدەکانەوە بگرن بەهەموو تواناتانەوە، چونکە سوننەتی رسول الله باشترینە وەک خۆی دەفەرموێتﷺ (وخير الهديِ هديُ محمد)دواتر دەفەرمێت ﷺ (وإياكم ومحدثات الأمور) ئامان دەستم بەدامێنتان خۆتان بپارێزن لەو شتەتازانەی پەیدا دەبن ، (فإن كل بدعة ضلالة) بەدڵنیاییەوە هەموو بیدعەیەک گومڕایی و سەرلێشێوانە.

٢.یادی مەولود بێ گومان لە ئەرکانی ئیمان نییە کە بەنەکردنی لەئیسلام دەربچین، دیارە فرض(واجب)یش نییە، مەعلومیشە هیچ کەس ناڵێ (سوننەتە) و هاوەڵان و پێشەوا جێنشینە ڕاشیدەکان( ابو بكرو عمرو عثمان و علي)یادی لەدایک بوونیان نەکردووە، کەواتە لەدوو شت بەدەر نییە یان جائیزە و (موباحە) یان بیدعەیەو هەڕەشەی(كل بدعة ظلالة وكل ضلالة في النار)دەیگرێتەوەو، گومڕایی و ماڵ وێرانیە بۆ قیامەت، ئایە تەرک کردن و دەرچوون لەو(خیلاف)ه بۆ دین و دونیامان باشتر نیە!!؟


AM:09:37:11/10/2022