محەمەدی حاجی مەحمود داوای جوڵاندنی هێزەكانیان بۆ خانەقین دەكات

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت" ئەگەر حکومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێت هێز بەکاربهێنێت، ئەوا داواتان لێ ئەکەین رێگای هێزەکانی سۆسیالیست بدەن، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەگەینە خانەقین". 

محەمەد حاجی مەحمود لە پەیامێکدا کە خۆی وەک پێشمەرگەی دێرین ناساندووە و ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە نووسیویەتی" حکومەتی عێراق سەرەڕای وەزعی خراپی و بێسەروبەری و نەمانی شیرازەی وەک دەوڵەت وا بۆ ساڵێک دەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە حکومەتێک دابمەزرێنن، لەگەڵ ئەو وەزعە خراپەشدا، هێشتا کوردیان لە بیر نەچووە، وەزیری نەوت و دادگا زەلیلەکانیان هەر رۆژە و هەڕەشە و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن".

لە پەیامەکەدا هاتووە" لە ناوچە دابڕاوەکانیش کورد لەسەر ماڵ و موڵکی باوباپیرانیان دەردەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مردو و گۆڕستانەکانی کورد، لەو ناوچانە لە زیندووەکانی نەتەوەکانی تر زیاترە، وا خۆشتان دەبینن بە دیل گیراون و ئێستا ئەو پاڵەوانانە هاتوونەتە شاری خانەقین و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بە عەرەبکردن لە دژی کورد ئەنجام دەدەن".

محەمەد حاجی مەحمود، دەشڵێت" جەیشی عێراقی لە شەڕی عەرەب ئیسرائیل زۆریان بە دیل گیران و ڕایان کرد، لە شەڕی نێوان ئێران عێراق سەدان هەزاریان لە جەیشی عێراق بەدیل گرت، لە شەڕی کوێت هەزارانیان بە دیل گیراو ئێستا خۆیان لەسەر خەڵکی بێ چەکی کورد تاقی ئەکەنەوە". 

سەرۆکی پارتی سۆسیالیست لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی" ئەگەر حکومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێ هێز بەکاربهێنێ، ئەوا داواتان لێ ئەکەین ڕێگای هێزەکانی پارتی سۆسیالیست بدەن لە ماوەی چەند سەعاتێک دا ئەگەینە شاری خانەقین، شاری خەبات و شەهیدان و خۆڕاگری و ڕێگا نادەین بێگانە پۆستاڵی ڕەشیان لە خانەقینی ئازیز جێگیر ببێت". 


AM:09:28:12/10/2022