"دەنگدان بە كابینەكەی سودانی كەمێك دوادەكەوێت"


پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، رەنگە دەنگدان لەسەر بەشێك لە وەزارەتەكانی كابینە نوێیەكەی محەمەد شیاع سودانی كەمێك دوابكەوێت.  

فەیسەڵ ئەلنائیلی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە رۆژنامەی فەرمی عێراقی راگەیاندووە "ئازادییەكی ڕەها هەیە بۆ ئەو كەسەی كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتە بۆ هەڵبژاردنی كابینەكەی، هەر بۆیە هەستێك لە نێو هەموواندا هەیە كە دەبێت حكومەت بە زووترین كات تێپەڕێنرێت و دەنگی لەسەر بدرێت”.  

ناوبراو ڕوونیكردەوە "ڕەنگە لە هەندێك وەزارەتدا هەندێك دواكەوتن هەبێت لە گۆڕینی كاندیدەكان، هەروەها لەوانەیە دەنگدان لەسەر بەشێكیان دوابخرێت بۆ دوای دانیشتنی ڕۆژی شەممە".  

ئەلنائیلی ئاماژەی بەوەكردووە "سودانی پێگەی پێكهاتەی  (توركمان) و كەمینەكان لەبەرچاو دەگرێت و لە حكومەتی داهاتوودا مافی خۆیان دەبێت".  

  بڕیارە رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كۆببێتەوە.



AM:10:15:20/10/2022