پەیامێك لە ئەمەریكاوە بۆ حكومەتی نوێی عێراق


ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، گەلی عێراق شایەنی دەرفەتی ئابووریی، كۆتاییهێنان بە گەندەڵی و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانن.

ئەمڕۆ نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، چاویان لە كاركردنە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و حكومەتەكەی و وتی "لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوانمان، لە پەرەپێدانی خزموتگوزارییەكان بۆ گەلی عێراق بۆ دڵنیاییدان لە عێراقێكی پارێزراو، سەقامگیر و خاوەن سەروەری هەروەكو چۆن لە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوانمان باسكراوە."
 
ناوبراو وتویەتی "گەلی عێراق شایەنی دەرفەتی ئابووری، كۆتاییهێنان بە گەندەڵی و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانن، بۆیە ئەمریكا پێشوازی لە پابەندیی سەرۆك وەزیران سودانی دەكات بۆ كۆكردنەوەی چەك لەژێر سایەی دامەزراوە فەرمی و شەرعییەكانی وڵاتدا."
 
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 253 پەرلەمانتار كۆبووەوە بۆ دەنگدان بەكابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی و كارنامەی حكومەتەكەی.



AM:09:06:28/10/2022