نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ڕابردوو دیاریكرا

کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت" نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لە مانگی رابردودا (٥٨) دینار بووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لە نێوان حەوت هه‌زار بۆ نۆ هه‌زار دینار دەبێت". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبوه‌وه‌، به‌پێی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بە (٥٨) دینار دیاریكرا، كه‌ به‌ تێكڕایی مۆلیدە ئه‌هلییه‌كان لە نێوان (١٣٠) بۆ (١٥٥) كاتژمێڕ كاریان كردوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لە نێوان حەوت هه‌زار بۆ نۆ هه‌زار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه‌بۆ مۆلیده‌كان دانراوه‌ و كاتژمێڕی كاركردنیان تۆمارده‌كات، هاوكات نرخی ئه‌مپێری شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و ناو بازاڕ زیاتر ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر كاریان كردووه‌.

لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (١٠) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی مۆلیدە تێنەپەڕێت، بە پێچەوانەوە سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.


AM:10:41:01/11/2022