سەركردەیەكی پارتی: لە ناو یەكێتی كەس ناوێرێ بپرسێ تیرۆركردنی فەرماندەكان بۆچی؟

ئەندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی لێدوانەکەی شەوی ڕابردووی شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فای دایەوە و دەڵێت" ئەگەر گرفتێك هەبێت، بەهۆی گرووپێكی یەكێتیە كە هەوڵ دەدەن ململانێكانیان بەشێوەیەكی توندوتیژ بهێننە هەولێر". 

هیوا گەیلانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیەیاند" شێخ جەعفەر ئەگەر جددییە لەو بانگەشانەی دەیكات بۆ ڕێگەگرتن لە تاكڕەوی، سەرەتا با لە نێو حزبەكەی خۆیدا تاكڕەوی قەبووڵ نەكات و پرسیار لەبارەی هۆكاری تیرۆركردنی فەرماندە سەربازییەكانی سەر بە حزبەكەی خۆی بكات چ لە رانیە و چ لە هەولێر".

وتیشی" ئەگەر یەكێك بیەوێ پێش لە تاكڕەوی بگرێ، دەبێ لە نێو ماڵی خۆیەوە دەست پێ بكات و بوێر بێ باسی داهات و قاچاخچێتییەكانی سنوورەكەیان بكات، بەداخەوە لە نێو یەكێتیدا كەس ناوێرێ باسی دزینی پارە و داهاتی سلێمانی و نەمانی پارەی بانكەكان بكات كە خەریكە بەهۆی ئەو تاڵانییەوە ناوی دەڤەرەكەیان دەچێتە كتێبی گینسەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد" تاكە ڕێگە بۆ ئەوەی لایەنێك بیەوێ پێش لە پارتی دیموكراتی كوردستان بگرێت، ئەوەیە كە لە پارتی زیاتر یان لانی كەم وەك پارتی خزمەتی خەڵكی بكات، بەڵام یەكێتی ناوچەكەی ژێر دەسەڵاتی خۆی تاڵان دەكات و بگرە لەبەر ململانێی ناوخۆی، دەستی بۆ كوشت و بڕیش بردووە".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی ڕاشیگەیاند" هۆكاری ئەو گرفتانەی ئێستا هەن، پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان نین، بەڵكو گرووپێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن كە جگە لە تیرۆركردنی فەرماندەكانی خۆیان، داهاتەكان ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی هەرێمی كوردستان و تاڵانی گەورە لە سلێمانی دەكات، حكومەتیش مافی خۆیەتی لە دزی و تاڵانی و تیرۆر بێدەنگ نەبێت". 

ئەو سەركردەیەی پارتی پێیوایە كە یەكێتی جگە لەوەی خزمەتێكی ئەوتۆی سلێمانی نەكردووە، هەوڵیشی داوە ململانێی ناوخۆی بهێنێتە هەولێر و" ئەوەی گرفتی دروست كردووە، هەندێك گرووپی نێو یەكێتین كە كار بۆ تێكدانی ئارامی هەولێر دەكەن، پارتی ڕێگە بە تیرۆر و تۆقاندن و میلیشیا و گرووپی مافیا نادات، ئەوەی لە سلێمانی بۆیان دەچێتە سەر، لە هەولێر ناتوانن بیكەن، ناكرێت خەڵكی تیرۆر بكرێت لەسەر جیاوازی بیروبۆچوون". 

هیوا گەیلانی لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا رەخنەی ئەوەشی گرت كە لە نێو یەكێتیدا ترس و تۆقاندنێك بڵاوبۆتەوە" كەس ناوێرێت قسە بكات، چونكە یان پاكتاوی دەكەن، یان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان وەدەری دەنێن، هەندێكیان كە دەهێننە سەر كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و قسەیان پێ دەكرێت، ئەم ترسەیان بە ئاشكرا بەسەرەوە دیارە". 

لێدوانەکەی ئەندامەکەی سەرکرادایەتی پارتی لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو جەعفەر شێخ مستەفا سەركردەی دیاری یەكێتی لە  چاوپێكەوتنێكدا بە كەناڵی كوردساتی رایگەیاند" لە هەولێری پایتەخت هێزێك كە كەس نازانێت كێیە، چواردەوری ماڵی جێگری سەرۆكی حكومەت دەگرێت". 


PM:01:15:02/11/2022