مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی شەڕی یەک دەکەن
نێچیرڤان: یەکێتی هاوبەشی سەرەکی پارتیە


لە کاتێکدا دوو رۆژە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، شیر و تیر لەیەکدەسوون، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێریدا رایگەیاند" یەکێتی هاوبەشی سەرەکیمانە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوەو پێشووتریش سەرباری کێشەکانیش".
 
لەدیداری مێری کە دوو رۆژە لەهەولێر بەردەوامە، ئەمڕۆ لە پانێڵێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا لە بارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی کە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، وتی "نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت".

هەروەها وتیشی" دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "هێندە رەشبین نیم کە بڵێم کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ناکرێن، بەڵام ئەوە گرنگە کە چۆن سەیری یەکدی دەکەین، دەبێت هەردوولا دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش."

نێچێرڤان بارزانی لە بارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە وتی" بەڵام بەداخەوە حیزبەکان لەسەر شتی زۆر بێ واتا" نەگەیشتنە ئەنجام؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش حەزیان نەدەکرد ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە و هیوای خواست بتوانن بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە "دەستوورمان هەبێت."

لەمەڕ پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، نێچیرڤان بارزانی وتی " شایستەی ئەوەیە کە پشتگیری بکرێت و هەقە دەرفەتی پێبدرێت بۆئەوەی هەندێک لەو کێشانەی لە عێراق هەن، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە."

نێچیرڤان بارزانی ئاشکراشیکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، هیچ دەقێکی نووسراو لەنێوان هەرێم و بەغدا نەبووە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە."

ئەو قسانەی سەرۆکی هەرێم، لە کاتێکدایە کە لەسەر دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف و موراد کانی کوردەیی ناکۆکییەکی توندی میدیای کەوتۆتە نێوان پارتی و یەکێتی یەوەو دوو رۆژە مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبەو ژمارەیەک لە ئەندامانیان سەرقاڵی لێدوانی توندن لەسەر یەکتر.



PM:05:38:02/11/2022