کۆنگرەیەک بێ سیاسەت
کۆنگرەیەک بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دوو ئامۆزاو نۆژەنکردنەوە سەرکردایەتی


کۆنگرەی ١٤ پارتی لە ماوەی چوار رۆژدا کارەکانی خۆی تەواو کرد، کۆنگرەیەک بەبێ هەبوونی هیچ هەڵسەنگاندنێکی بۆ سیاسەتی پارتی و باری رێکخراوەیی و دارایی، کۆنگرەیەک کە لە دوا ساتەکانیدا بە شێوەیەک کەوتەوە کە کۆنگرە بوو بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ( نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) و نۆژەنکردنەوەی سەرکردایەتی پارتی کە ١٢ ساڵە هیچ نوێبوونەوەیەکی بە خۆوە نەبینیووە.

پتەوکردنی پەیوەندی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی

لە سەرەتای کۆنگرە، لە وتاری پێشەکی، دواتریش لە وتاری  کۆتایی کۆنگرەدا کە پاش ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی نوێ خوێندیەوە، خاڵی گرنگی وتەکانی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی جەختکردنەوە بوو لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی.

لە وتاری پێشەکی کۆنگرەدا بارزانی وتی " جەنابی بارزانی پێش ئەوەی وەفات بکات، وەسیەتی لای من و کاک ئیدریس کرد و وتی: دەبێ ئێوە یەک گیانبن لە دوو جەستەدا. سوپاس بۆ خودا ئێمە وەسیەتەکەی ئەومان بەجێگەیاند. نەک وەک یەک گیان لە دوو جەستەدا، هەموو کاتێک من ئامادەبووم خۆم لەجێی کاک ئیدریس دابنێم و لەجیاتی ئەو بم. قەدەر بەدەست مرۆڤ نییە و بەدەست خودایە، ئەگینا هەڵبژاردن بەدەست من با، من خۆم لەجێگەی کاک ئیدریس دادەنا بۆ ئەوەی من بڕۆم و کاک ئیدریس بمێنێت".
لە وتاری کۆتایی کۆنگرەشدا، مەسعود بارزانی جارێکی تر قسەکانی بە راشکاوانە تر دووپاتکردەوەو، وتی " هه‌ڤاڵان، من جارێكی تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ بابه‌تێكی زۆر گرنگ، به‌ بیر خۆم و ئێوه‌ش دێنمه‌وه‌، جارێكی تر وه‌سیه‌تی بارزانی بۆ من و كاك ئیدریس. من ئه‌و ڕۆژه‌ تۆزێك به‌ موفه‌سه‌ڵی باسم كرد، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ من و كاك ئیدریس وه‌ك برا گه‌وره‌ی من، به‌ دڵ و گیان ئێمه‌ وه‌سیه‌ته‌كه‌ی بارزانیمان به‌ جێ گه‌یاند. ئه‌و رۆژه‌ش كه‌ من نێچیرڤانم پێشنیار كرد، ئه‌ویش مه‌سروری پێشنیار كرد، ئه‌مه‌ په‌یامێكی ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌وانیش وه‌كوو من و ئیدریس ده‌بن".

ئەم ئەندێشەیەی مەسعود بارزانی هەر لەخۆڕا نەهاتووە، لەلایەکەوە ئەزموونی یەکێتی دوای تاڵەبانی لەبەرچاوە، کە ناکۆکی نێوان دوو ئامۆزا( بافڵ و لاهور ) ئەو حیزبەی هەڵوەراندووەو بەرەو ئاقاری مەترسیداری بردووە، لەلایەکی تریشەوە بارزانی لە ناو پارتیدا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان نێچیرڤان و مەسروردا هەیەو، هەریەکەشیان هەوادارو لایەنگری خۆیان هەیە و لە مەکتەبی سیاسیەوە بۆ سەرکردایەتی و بۆ نێو کادیرانیش شۆڕبۆتەوە.

پێشنیارکردنی مەسعود بارزانی بۆ دانانەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ جێگری سەرۆکی پارتی، هەروەها پێشنیارکردنی مەسرور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ جێگری دووەم، گەر رێککەوتنێکی پێش وەختەبێت، یان بە رێکەوت بێت، کەمکردنەوەی ئەو کێبەرکێ و ناکۆکیانەی نێوان ئەو دوو ئامۆزایەیە، هەرچەندە ئەو ئاڵوگۆڕە بە قازانجی مەسرور مەسعود بارزانی کەوتۆتەوەو پێگەی لە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیەوە پلەکەی بەرزبۆتەوە بۆ کەسی سێهەمی ناو پارتی، بەڵام وێنەکە بەو شێوەیە کەوتەوە کە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ئەو دوو کاراکتەرەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرکردایەتی ئەو حیزبەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

ناکۆکی نێو کۆنگرە بە جۆرێکی تر

لەسەرەتای کۆنگرەوە لە نێو میدیاکانی پارتیدا باس لەوە دەکرا کە مەسعود بارزانی لیستێکی ٨٠ کەسی هەیە کە دەیخاتە بەردەستی کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتە ناوەندی نوێی پارتی، کەمیش نەبوون لە پارتیە کۆنەکان و پڕۆ پارتییەکان کە لەناو یەکێتی و گۆڕانەوە چوونەتە ناو ئەو حیزبەوە شانازیان بەوەوە دەکرد کە لە نێو " لیستەکەی سەرۆکدان"، ئەم لیستە ناکۆکی زۆری دروستکرد، زۆرێک لەو کادیرانەی ناویان لەناو ئەو لیستەی سەرۆکی پارتیدا نەهاتبوو، وا هەستیان دەکرد " دەرگای دۆزەخیان " لێکراوەتەوەو هیچ مانایەک بۆ خۆ پاڵاوتن و دروستکردنی لیستی تر نەماوەتەوە، لە کاتێکدا کە مەسعود بارزانی ٨٠ ئەندامی کۆنگرەی بەلاوە پەسەندە بۆ کۆمیتە ناوەندی نوێ و کەسی تری دەرەوەی ئەو ٨٠ کەسەی بەلاوە پەسەند نییە. هەر بۆیە لە یەکەم رۆژی کۆنگرەوە ناکۆکی و بێزارییەکی زۆر بەرامبەر ئەم هەنگاوەی بارزانی دروستبووەو کار گەیشتووە بەوەی چەند لیستیکی تر دروستبکرێت، بەڵام لە دوو رۆژی کۆتایی کۆنگرەو پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن مەسعود بارزانی دەستبەرداری ئەو لیستە ٨٠ کەسیە دەبێت و، دواتر لیستیکی ١٢٦ کەسی دروستدەکرێت کە هەموو کاندیدەکان دەگرێتە خۆی.

پێگەی نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی لەکۆمیتەی ناوەندی نوێدا

هەرچەندە هێشتا مەکتەبی سیاسی نوێی پارتی هەڵنەبژێردراوە، بەڵام بە تەماشاکردنێکی خێرای پێکهاتەی نوێی سەرکردایەتی ئەو حیزبە دەردەکەوێت پێگەی مەسرور بارزانی لەناو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی نوێی پارتیدا بە‌هێزە، بەتایبەتی لە نێو گەنجە تازە سەرکەوتووەکاندا، هەرچی پێگەی نێچیرڤان بارزانییە، پەیوەندی لەگەڵ ستافی کۆنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا لە مەسرور بارزانی باشترە، بەڵام لەناو گەنجە نوێکانی کۆمیتە ناوەندیدا تای تەرازووەکە بەلای مەسرور بارزانیدا قورسە.

  
 بارزانی پشتیکردە سێ سەرکردایەتی دێرین 

لە کاتێکدا بارزانی ١٢ ئەندامی مەکتەبی سیاسی وەک هاوڕێ تێکۆشانی پێشنیار کرد کە بە راستەوخۆ لەناو کۆنگرەدا هەڵبژێردرێنەوە بۆ سەرکردایەتی نوێ و، دوانیان لە بەر نەخۆشی پۆزشیان هێنایەوە، بەڵام بارزانی سێ ئەندامی تری مەکتەبی سیاسی نەخستە ریزی ئەو ١٢ ئەندامەوە، ئەوانیش عێزەدین بەراوری و، کاکە مین نەجار و جەعفەر ئێمنکی بوو، هەرچەندە کاکەمین نەجار و ئیمنیکی هاوڕێ تەمەن و تێکۆشانی مەسعود بارزانی نەبوون، بەڵام عێزدین بەراوری هاوڕێی تەمەنی بارزانی بوو، کەچی بارزانی ئەوانی نەخستە لیستی مەکتەب سیاسیەکانی پێشوەوە کە راستەوخۆ هەڵبژێردرێن و لە ئەنجامدا تەنها جەعفەر ئیمنکی توانی جێگای خۆی لە سەرکردایەتی نوێدا بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، عیزەین بەراوری ماوەی پێنج ساڵە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بارزانی لە دۆخێکی باشدا نییە، چەندجارێکیش هەوڵێ چاککردنی داوە، بەڵام بارزانی نەیبینووە تا کۆبوونەوەکانی پێش کۆنگرە.
بارزانی داوای لەم سێ ئەندامەی مەکتەبی سیاسی کردووە کە خۆیان وەک ئەندامانی تری کۆنگرە کاندید بکەن، لە ئەنجامدا لەو سێ هاوڕێ دێرینە دوانیان دەرنەچوون.
  
کۆنگرەیەکی داخراو لە رووی سیاسی و دارایی یەوە

هەرچەندە پێش کۆنگرە بە چەند مانگێک چەند لیژنەیەکی پسپۆر لە کادیرانی ئەکادیمی پارتی بۆ پەیڕەو پرۆگرام و کاری جەماوەری و دارایی حیزب و چەند بەشێکی تری ژیانی حیزبی پێکهێنرا، بەڵام ئەو راپۆرتانە هیچ رووناکیەکیان لە کۆنگرەدا نەبینی ونەگەیشتنە میدیا فەرمی و نزیکەکانی پارتی و، رای گشتی خەڵکی کوردستان لەو چەند رۆژەدا وێنەیەکیان لەلا گەڵاڵە نەبوو کە سەرچاوەی دارایی پارتی لە کوێوەیە و چەندە، هەروەها پارتی چۆن سیاسەتی چەند ساڵەی رابردووی خۆی هەڵسەنگاندووەو، لە ئێستادا سیاسەتی ئەو حیزبە لە ناوخۆی هەرێم و پارچەکانی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغداو خوێندنەوەی بۆ ناکۆکیە هەرێمایەتییەکان و ئایندەی هەرێم چۆنە!



PM:11:46:06/11/2022