سوپای ئۆکرانیا شاری ستراتیژی خێرسۆنیان ئازاد کرد

دوای ئەوەی ڕووسیا کشانەوەی هێزەکانی لە شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا ڕاگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناوبرد".

زێلێنسکی لە تەلەگرامدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە. خەریکە خێرسۆن وەردەگرینەوە"، ڕوونیشیکردەوە "لە ئێستادا بەرگریکارەکانمان لە چوار دەوری شارەکەن. بەڵام هێزە سەربازییە تایبەتەکان لە ناو شارەکەدان"، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس.


دوای کشانەوەی لە خێرسۆن.. کیێڤ: پاشماوەی ڕووسەکان دەبێت خۆیان ڕادەست بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەلەکەمان. ئێمە. خێرسۆن" لەگەڵ ئاڵای ئۆکرانیا و سەربازەکانمان بە دانیشتوانی شارەکەدا شادبوونەوە"

سوپای ڕووسیا پێشتر ڕۆژی هەینی کشانەوەی زیاتر لە ٣٠ هەزار سەربازی ڕووسیای لە ناوچەی خێرسۆن ڕاگەیاند، کە بەری ڕاستی ڕووباری دنیپرۆی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە کەناری چەپیدا جێگیرنن.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "زیاتر لە ٣٠ هەزار سەربازی ڕووسیا و نزیکەی ٥ هەزار چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی" لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ کشاونەتەوە".

جگە لەوەش سوپای ئۆکرانیا دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا دەستی بە چوونە ناو خێرسۆن کردووە، بەپێی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا.

وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی "خێرسۆن گەڕاوەتەوە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیا، یەکەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا دەچنە ناو شارەکەوە".

خێرسۆن رۆژی ٢٤ ی شوبات یەکەم رۆژی شەڕی ئەو دوو وڵاتە لەلایەن سوپای روسیاوە کۆنترۆڵکرا.

ئازادکردنی ئەو بەشەی خێرسۆن هەنگاوێکی ستراتیژیە کە ئۆکرانیەکان توانیان ئەنجامی بدەن.



PM:11:35:11/11/2022