پەكەكە هەڵوێستی خۆی لەسەر تەقینەوەی ئیستانبوڵ راگەیاند


فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەكیان بەو تەقینەوەیە نییە كە دوێنێ لە تەقسیم لە ئیستانبوڵ ڕویدا، دەشڵێت، "هاوخەمی بۆ كەسوكاری ئەو كەسانە دەردەبڕن كە گیانیان لەدەستداوە و هیوای شیفای بۆ بریندارەكان دەخوازین".

فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی تەقینەوەكەی دوێنێی ئیستانبوڵ رایگەیاند "سەرەتا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەین كە لە ڕوداوەكەی 13ی ئەم مانگەدا لە ئیستانبوڵ ڕویدا و هیوای چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین".

راگەیەنداوەكە ئاماژەی بەوەكردوە، "گەلەكەمان و جەماوەری دیموكرات لە نزیكەوە دەزانن كە ئێمە پەیوەندیمان بەم ڕوداوەوە نییە، ڕاستەوخۆ خەڵكی مەدەنی ناكەینە ئامانج و ئەو كردەوەیەش قبوڵ ناكەین، كە خەڵكی مەدەنی بكاتە ئامانج، ئێمە بزوتنەوەیەكین كە خەباتێكی دادپەروەرانە و ڕەوا بۆ ئازادی ئەنجام دەدەین، بە دیدگایەكەوە مامەڵە دەكەین كە دەیەوێت ئایندەیەكی هاوبەش و دیموكراسی و ئازاد و یەكسان لەگەڵ كۆمەڵگای توركیا دروستبكەین".

لە راگەیەندراوەكەی نەپەگەدا هاتوە، "ڕاستییەكی ڕونە كە ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە لە بەرامبەر خەباتی ڕەوای پەرەسەندنی ئێمەدا توشی كێشە و گرفت بون، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەوەی كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئاشكرا بوە و وێنەی سوتاندنی سەربازەكانی خۆی ئاشكرا بوە، وا دیارە مەبەست لێی پلانێكی تاریكی نوێیە كە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە". 
 شەوی رابردوو تەقینەوەیەك لە ئیستانبوڵ رویداو بەهۆیەوە شەش كەس كوژراون و 81 كەسیش برینداربون.



PM:03:19:14/11/2022