وەزارەتی پەروەردە گۆڕانكاری گرنگ لە یاسای پەروەردە رادەگەیەنێت


وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ماددە و بڕگەكانی یاسای پەروەردە لە هەرێمی كوردستان وەچەرخانێكی جۆری لە پرۆسەی پەروەردە دروست دەكات.  

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردە، دوای بڵاوبوونەوەی یاساكە لە رۆژنامەی وەقائیع، یاسای پەروەردە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا.  
  

دەقی راگەیەنراوەكە:  
  
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی ١١ی٢٠٢٢ ،  بەخۆشحاڵییەوە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێركردن)ی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرد، ئەم پڕۆژە یاسا پەسەندكراوە بەشێك بوو لە ستراتیژی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان .  

بەڕاسپاردەی رێزدار "مەسرور بارزانی " سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستمان بە ئامادەسازیی كرد و بەپاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێردرا بۆ پەرلەمانی كوردستان. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سوپاسی بەرێزان سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان و  سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و  سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان  و ئەنجومەنی شورای هەرێم و هەموو ئەو ئەكادیمیست و ناوەندانە دەكەین، كە بەسەرنج و تێبنییەكانیان پڕۆژە یاساكەیان دەوڵەمەندتر كردووە، هەروەها لەگەڵ دەست بەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێمە وەكو وەزارەتی پەروەردە هەوڵماندا كە پڕۆژە یاساییەك پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی ببێتە هەنگاوێكی ستراتیژی بۆ دانانی بناغەی سیستەمێكی پەروەردەیی كوردستانی ، كە وابكات  بۆ كەرتی پەروەردە سەقامگیری   دروست بكات و سوود  لە پرۆژەكانی ڕابردوو لەم بوارە و لە ئەزموونە یاساییەكانی چەندین دەوڵەت وەرگیراوە،  لە نوێوە  پرۆژەكە لە وەزارەتی پەروەردە لە كابینەی نۆیەم نوسرایەوە و لە ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی لە بارەوە كرا و پاشان تیمێكی بچوكراوە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەرێز وەزیری پەروەردە بە چڕی كاری تێدا كرا و دەیان شەو كاركردن تا كاتژمێر (١)ی شەو بەردەوام بوو بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمونەكان و گفتوگۆی بیرۆكەكان ،  سەرەنجام هەوڵماندا  پرۆژە یاساییەكی پەروەردەیی كوردستانی پێشكەش بكەین وە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە  بۆ زیاتر رێكخستنی كەرتی پەروەردە و ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی  پڕۆژە یاسایەكی پەروەردە و فێركردنی پەسەندكراوی پەرلەمانە كە لە ١٨١ ماددە پێكهاتووە ، كە پڕۆژە یاسا پەسەندكراوەكە دید و فەلسەفە و ئامانج و تێروانینی  بۆ بونیادنانی تاكێكی نیشتمانی كوردستانی بڕوا بە دیموكراسی بە دادپەروەری و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی و بیركەرەوە داناوە ، ئەم پڕۆژە یاسا پەسەندكراوە ڕەچاوی هەموو رێكەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی كردووە سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و مافەكانی منداڵان و خاوەن پێداویستی تایبەت،  و بابەتی كوالێتی و رێكخستنەوەیەكی دیكەی گرنگی بواری خوێندنی ناحكومی  و مافی خوێندنی بەزمانی دایك بۆ  قوتابیانی پێكهاتەكان لەخۆگرتووە، كە بەشێوەیەكی گشتی وەزارەتی پەروەردە لە پاش بڵاوبوونەوەی فەرمی لە وەقائعی كوردستان پابەند دەبێت بەجێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی یاسای پەروەردە لە هەرێمی كوردستان ،كە ئومێد دەكەین وەچەرخانێكی جۆری لە پرۆسەی پەروەردە لەخۆ بگرێت.  


سوپاس بۆ هەموو ئەو بەرێزانەی ڕۆڵیان هەبوو  ، بە هەر شێوازێك بێت ، لە دانانی ئەو پرۆژە پەسەندكراوە و پیرۆزبایی لەسەرجەم پەروەردكاران و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكارانی كوردستان دەكەین.   

  

وەزارەتی پەروەردە  

   ۱٥ی۱۱ی۲۰۲۲  




PM:08:28:15/11/2022