کۆبانێ دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ

‌‌مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت" ئەم بۆردوومانە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە". 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا نووسیویەتی" ئەم هێرشە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ کارەساتێک روونەدات". 

وتیشی" ئەگەر شەڕ رووبدات هەموو لایەک زیان لە ئەنجامەکانی دەبینن". 

کۆبانێ لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا داوای لە دانیشتوانی باکوری سوریا کرد" لە ماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هێزە ئەمنییەکان".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیکدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و باڵە ناوخۆییەکانی لە باکوری سوریا و عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو،" ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای ماددەی (٥١)ی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مافی ڕەوای بەرگریکردن لە خۆی دیاری دەکات". 


AM:09:17:20/11/2022