داعش زیانی یەك ملیار دۆلاری بەكەرتی تایبەتی هەرێم گەیاندووە

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند چەكدارانی داعش زیانی یەك ملیار دۆلاری بەكەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان گەیاندوە.

یاسین مەحمود لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەو قەیران و زیانانە كرد كە لە ماوەی ساڵی 2014 بە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كەوتووە و هەروەها قەبارەی وەبەرهێنان و زیانەكانی هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعشی لە كەرتی تایبەت خستەڕوو.

 وتی "ساڵی 2014 بۆ كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و ئاڵو گۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان، ساڵێكی لەبار نەبوو، لەسەرەتاوە بە هۆی كێشە و گرفتەكانی عێراق و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و بودجەی گشتی و قەیرانی داراییەوە، زیانی گەورە بەر كەرتی تایبەت كەوت."

وتەبێژەكەی وەبەرهێنان لە بارەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش دروست بوون گوتی: "دوو مانگی ڕابردو كارەساتی گەورە لە كەرتی تایبەت لە عێراق ڕویدا و داعش ژێرخانی ئابوری عێراقی بەتەواوەتی داڕماند، جگە لەوەش زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری بە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان گەیاند. بە پێی ئەو ئامارانەی لەلامانە، تەنها لە دوو مانگی رابردوودا داعش زیانی یەك ملیار دۆلاری بە كەرتی تایبەت لەهەرێم گەیاندووە، هەروەها 35 وەبەرهێنەر پڕۆژەكانیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدایە و دەستییان بەسەردا گیراوە، بەوەش توشی زیانی زۆر گەورە بوون."

یاسین بەشێك لەو زیانانەی خستەڕوو كە بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعش لە كەرتی تایبەت كەوتووە و وتی: "لە شاری سلێمانی پێشتر 25 هەزار تەن چیمەنتۆی كارگەكان بەرهەم دەهێنرا و ڕەوانەی شارەكانی دیكەی عێراق دەكرا، دوای هێرشەكانی داعش لە سەدا 80ی فرۆشتنی ئەو كارگانە وەستاوە و بەشێك لە كارگەكانیش كاركردنییان ڕاگرتووە یان هێڵێكی كارگەكانیان وەستاندووە، بەوەش تەنها لە فرۆشتنی چیمەنتۆدا ڕۆژانە زیانی نزیكەی 20 ملیۆن دۆلار بە سلێمانی دەگات. هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان توشی هەمان قەیران بوونەتەوە و هۆتێلی میلنیۆم یەك لە هۆتێلەكانی خۆی لە شاری سلێمانی داخستووە. شاری سلێمانی لە سەدا 30 ی هەمو كارگەكانی عێراقی لە خۆگرتووە، ئێستا لە سەدا 80ی بەرهەمی ئەو كارگانە وەستاوە و بەرهەمەكانیان هەناردەی شارەكانی دیكەی عێراق ناكرێن. كەمبونەوەی جوڵەی بازرگانی خاڵە سنورییەكان لەگەڵ توركیا و ئێران، بەجۆرێك ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا بە ڕێژەی لە سەدا 60 و لەگەڵ ئێران بە ڕێژەی لە سەدا 70 تا 80 دابەزیوە، لەكاتێكدا ساڵی پار ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان گەیشتە 16 ملیار دۆلار. ڕاگرتنی چەند پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیجی، لەوانە پڕۆژەكانی شاری پیشەسازیی لە عەربەت كە بودجەكەی نزیكەی چوار ملیار دۆلارە، هۆتێلی حەیات، پڕۆژەی گەشتیاریی دوكان و چەندین پڕۆژەی دیكە كە لە لایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە جێبەجێ دەكران راگیراون."



PM:02:08:20/08/2014