درانگانی شەوی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆردوومانکردنى بنکە و بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانی ئێرانی لە شاری کۆیە دەستپێکردەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش زانیاری نوێ لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" نیوەشەوی شەوى ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە موشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حزبی دیموکراتیان لە نزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج، ئەو هێرشە موشەکییە نوێیە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە" هێرشی موشەکی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنکەکانمان لەكاتێكدایه، پێشتریش ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی بە موشەک بە ئامانج گرتووە کە ئەم هێرشە بوە هۆی شەهیدبونی دوو پێشمەرگەمان و دواتریش جارێكى تر بنکە و بارەگاکانمان بە ئامانجگیرایهوه و ٩ کەس شەهیدبوون کە سێ کەس لەوانه ژن و منداڵ بوون".
حزبى دیموكرات باس لەوەش دەکات، بەردەوامی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران شەهید و سەدان کەسیش برینداربوون.
له بهشێكى ترى ڕاگهیهنراوهکەدا هاتووه" پێشتریش ڕامانگەیاندوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوخۆ بەزەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات".
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا داوا لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی دهكات و دهڵێت" هەتا بەربەستێکی جدی بۆ سنوربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی ئێران بەردەوامدەبن".
ههر شهوى ڕابردوو لهگهڵ موشهكبارانکردنی كۆیه، بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز نزیک پارێزگاى سلێمانی بە درۆن هێرشیكرایهسهر، کە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.