وێنە.. ئەرشیف
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکردەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەکەن و هێزێكی زۆری ئەمنیش لە هەولێر بڵاوكراوەتەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە خوێندکارانی زانكۆی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین و قەزای چەمچەماڵ و كۆیە و سەیدسادق دەستیان بە ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکە.
ئەمڕۆش
بۆ جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆکانی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی سەیدسادق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و ئامادەنین بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
هەر ئەمڕۆ بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بەشێك لە خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و گردبوونەوە، هێزێكی زۆری ئەمنیش لە شەقامی سەرەکی بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە هەولێر بڵاوکراوەتەوە.
داواكارییەكانی خوێندکاران بریتین لە:
١. بنەبڕكردنی دەستی حیزب لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
٢. ڕیفۆرمێك لە پڕۆسەی خوێندن و گۆڕینی بنچینەیی مەنهەج كە تەنیا بۆتە ڕۆتینێكی ڕۆژانە.
٣. لابردن و كەمكردنەوەی كرێی پاراڵێڵ.
٤. بە یاسایكردن و زیادكردنی دەرماڵە.
٥. دەستپێكردنەوە بە دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی ساڵانی پێشوو.