کارکردن بە سیستمی غازی شل لە سەرجەم زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان رادەگیرێت

خوێندنی باڵا سیستمی کارکردنی بە غازی شل لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و بەشە ناوخۆییەکان راگرت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى سەلامەتى گیان و ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکەیدا، کارکردن بە سیستمى غازى شل لە سەرجەم دامەزراوەکان ڕاگیرا". 

خوێندنی باڵا لە نوسراوەکەیدا بە سێ خاڵ وردەکارى بڕیارەکەى ڕونکردۆتەوە، وەک لە خاڵى یەکەمدا هاتووە" پێویستە دامەزراوەکان دەستبەجێ کارکردن بە سیستمى غازى شل ڕابگرن، لە خاڵى دوەمدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەزوترین کات و زۆر بەوردى بەدواداچون بۆ هەمو ئەو سیستمانە بکرێ، کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردێن و لە سەلامەتى دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە ماوەى سێ رۆژدا راپۆرتێکی تێروتەسەل لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ و پەیمانگەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئامادە بکەن". 

هەروەها لە خاڵێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دەبێت هەموو ئەو سیستمانەى بە مەبەستى ئامادەکردن و گەرمکردنەوەى خواردن لەسەر هەموو زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەکان بەکار دێن، پێویستە ڕێگەپێدانى بەرگرى شارستانیان هەبێت و مۆڵەتى دانانى هەبێت و لەلایەن کۆمپانیاکان.


AM:11:34:23/11/2022