'وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ ناكەن'


ڕاوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ ناكەن.

بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە پێگەی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە ''وڵاتانی دەوروبەر بەھانە دروست دەكەن بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان، وڵاتی ئێران لە ناوچەی خواكۆڕكەوە تا سنووری ئەرمینیا و پاكستان و ئەفغانستان ھەمووی تەلبەند كردووە و سنووری كۆنتڕۆڵ كردووە، با سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستانیش بە ھەمان شێوە كۆنتڕۆڵ بكەن بۆ نەھێشتنی ئاڵۆزییەكانی سەر سنوور، توركیاش بە ھەمان شێوە پێویستە خۆی سنووری خۆی كۆنتڕۆڵ بكات، چونكە پێویستە ئەو وڵاتانە سنووری خۆیان بپارێزن، خۆ ئێمە بۆیان ناپارێزین.''  

زێباری وتویەتی "وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ ناكەن، ئەگەر بەئەنقەست نەبێت بۆچی توركیا سنووری خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بە درێژایی زیاتر لە ٩٠٠ كیلۆمەتر بە شێوەیەك توند كردووە مشكیش ناتوانێت دەرباز بێت لە سنوور، لەگەڵ ئێرانیش توركیا ٧٠٠ كیلۆمەتری كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی توركیا سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كە ٣٠٠ كیلۆمەترە، كۆنتڕۆڵی ناكات.''  

  

ئەو بەرپرسە باڵایەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە "سێ لیوای پاسەوانیی سنوور لە ھەرێمی كوردستان ھەن و سەر بە حكومەتی فیدڕاڵین، پاسەوانی سنوور ڕۆڵی ھەیە لە دانانی بنكەی سنووری، بەڵێنی ئەوەشیان پێداوین ژمارەی پاسەوانی سنوور زیاد بكرێن لە ھەرێمی كوردستان، ئەوەیش كاریگەریی دەبێت لەسەر زیادكردنی خاڵی سنووری".  



PM:03:45:24/11/2022