ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆیەکى ئەهلییەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەشى پزیشکى زانکۆى سلێمانى

ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێک لە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی، بەهۆی کەمی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێژە ئەهلییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. 

لەمبارەیەوە ڕەهێڵ ئەحمەد هەمەوەندى نوێنەرى گشتى کۆلێژى پزیشکى له‌ زانكۆى سلێمانى ڕایگەیاند" بەبڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا، ١١ خوێندکار لە زانکۆى کوردستانەوە، لە بەشى پزیشکى زانکۆکەوە گواستراونەتەوە هەمان بەش لە زانکۆى سلێمانى". 

ده‌شڵێت" ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران کە نوێنەرى وەزیرە بۆ ئەم پرسە ئەنجامدا، ئەوان سورن لەسەر فەرمانەکەو پێیان وتین، ئێستاش قسەى وەزارەت ئەوەیە کە بابەتەکە یاساییە و ئەو ١١ خوێندکارە دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆى سلێمانى". 

هەروەها لای خۆشیەوە مریەم عەلی یەکێک لە خوێندکارانی فاکەڵتی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆمان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان کەمی ڕێژەی وەرگرتن لە کۆلێژە ئەهلیەکانە، کە تیایدا خوێندکار لە کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆ ئەهلیەکان وەردەگیرێت بە ڕێژەیەک کە لە ٨٦ تێناپەڕێت، هاوکات وەرگرتنی خوێندکارانی کۆلێژ لە پزیشکی ددان لە زانکۆ حکومییەکان لە نێوان ٩٦ بۆ ٩٨، و ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە و ژمارەی بێکاران زیاد دەکات". 

وتیشی" هۆکاری دووەمیش ڕاگرتنی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ددانە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە ژمارەیان تێپەڕاند بۆ زیاتر لە پێنج هەزار دەرچوو". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تا پڕۆسەی وەرگرتن لە زانکۆ ئەهلییەکان دیاری دەکرێت و دەرگای دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی ددان دەکرێتەوە.


PM:02:10:27/11/2022