وەزارەتی کشتوکاڵ: پێدانی قەرزی بانکی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بڕی ١٥ ملیۆن تا ١٠٠ ملیۆن دینار دەدرێت بە جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری"، دەشڵێت" جووتیاران دەتوانن لە نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن". 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی ئەلقرتاسی ئیسلامی بە مەبەستی پاڵپشتی و رەخساندنی دەرفەتی قەرزی بانکی بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، بەشێوەی قیستی درێژخایەن، بە بڕی (١٥) ملیۆن تاوەکو (١٠٠) ملیۆن دینار لە قۆناغی یەکەم بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکە هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیە چووەتە بواری جێبەجێکردن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا لە سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان (٣٠٠) جووتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵە و داواکاریان بۆ سوودمەندن پێشکەشکردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەت کراوە، (١٠٠) لەو مامەڵە نێردراوە بۆ بانکی ئەلقرتاس، دوای وردبینیکردن و پشتگیری کردنی داواکارییەکان.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم راشیگەیاندووە" وەرگرتنی مامەڵەکان بەردەوامە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوبراو بە مەبەستی گەیاندنی خزمەت و دەرفەتی سوودمەند بوون بە زۆرترین جووتیار و خاوەن پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی". 

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە جووتیاران و خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی دەکات" کە دەتوانن لە رێگەی نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی، مامەڵەکانیان پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن". 


AM:09:34:28/11/2022