هه‌سه‌ده‌ له‌باره‌ی كوژرانی خەلیفەکەی داعش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوكرده‌وه‌

هه‌سه‌ده‌ له‌باره‌ی كوژرانی خەلیفەکەی داعش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" هیچ پەیوەندییەکمان بە کوشتنی ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی نەبووە". 

لە بەیاننامەیەکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند" پاراستنی ناوچەکانمان و گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستدرێژییەکانی تورکیا، ئەولەویەتی سەرەکی هێزەکانمانە لە ئێستادا، بەڵام بەو شێوەیەش هێزەکانمان رێگە نادەن داعش لەو هێرشانە و دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و بەهۆی دەستدرێژی تورکیاوە هێرش بکەن". 

ئەوەش هاتووە" ئێمە هەرگیز بەشداریمان لە کوشتنی سەرکردەی نوێی داعش، ئەبو حەسەن لقوڕەشیدا نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکمان بە کوشتنی ئەوەوە نییە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ". 

ڕوونکردنەوەکەی هەسەدە لە کاتێکدایە، پێشتر مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی ئەمریکا ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەکانیان لە دژی چەکدارانی داعش ڕاگەیاندبوو، دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا. 


AM:11:51:02/12/2022