هەولێر.. هاوڵاتییەکی بەریتانی بە ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" شەوی رابردوو لە رووداوێکدا لە شەقامی ١٠٠ مەتری کەسێک گیانی لەدەستدا کە بە رەگەز بەریتانیاییە و تەمەنی (٥٩) ساڵە". 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند "دوای ئەوەی كاتژمير (١٠:٣٠) خولەکی شەوی رابردوو هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگاداركرانەوه به بوونى رووداوێكى هاتوچۆ لەسەر شەقامى (١٠٠) مەتری نزیک هوتێلی (ئارجان روتانا) دەستبەجێ گەیشتنە شوێنى رووداو و دەرکەوت كەوا ماتۆڕسكيلێك شوفێرەكەى به ناوى (م. خ. ش) به رەگەز عەرەبی سوریا كه كارى دیليڤەرى دەكات، خۆى كێشاوه به هاوڵاتیيەكى به رەگەز بەريتانى به ناوى (ئاندرو تورلی) تەمەن (٥٩) ساڵ کە له كۆمپانيایەک لە شاری هەولێر كاردەكات و ویستوویەتی به پياده لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو رووداوە هاوڵاتییە بەریتانییەکە گیانی لەدەستداوە".

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بەپێی لێکۆڵینەوەکان هاوڵاتییە بەریتانییەکە هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە به ناوى (دەيڤید) كه دانی بەوەدا ناوە بەر له رووداوەكه خواردنەوەی کحولییان خواردووەتەوە و هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە، بۆیە ئەم کارەساتە روویداوە، لەئێستاشدا شۆفێرى ماتۆڕسكيلەکه بەپێی ماددەی (٢٤ی هاتوچۆ) لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگيركراوە". 


PM:01:05:02/12/2022