لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی
ئازادی رۆژنامەوانی لە پاشەکشەدایە


لە یادی نۆهەمین ساڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیدا کۆمەڵێک وتار و لێدوان لەو مەراسیمەدا راگەیەندرا کە هەموویان کۆکبوون لەسەر ئەوەی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکەشدایە.
 
ئەمڕۆ دوو شەممە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بە بەشداری کەسوکاری کاوە گەرمیانی و و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان مەراسیمەکە لەسەر ئارامگای رۆژنامەنووس بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە لەسەر مەزاری کاوە گەرمیانی لە گۆڕستانی کەلاری کۆن دوای چەند چرکەیەک بێدەنگی بۆ ڕیزلێنان لە رۆحی شەهیدانی قەڵەم، رۆژنامەنووس و هاوڕێی کاوە گەرمیانی، دڵشاد ئەنوەر وتاری مەراسیمەکەی پێشکەشکرد کە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە نۆ ساڵ بەر لەئێستا لەلایەن دەستێکی غەدر و ئەوانەی دۆخی کوردستانیان گەیاندۆتە ئێستا، کاوە گەرمیانی تیرۆرکرا، ئێمە پێمان وابوو شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی دەبێتە دانانی خاڵی کۆتایی بۆ تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام بەداخەوە نۆ ساڵ دوای شەهیدکردنی کاوە دەبینین دۆخەکه زۆرخراپتر بووە و ڕاودوونان وئازاردانی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەردەوامە".

دڵشاد ئەنوەر لە درێژەکەی وتارەکەیدا وتی" ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن دۆخی ئێستای هەرێم بۆ ڕۆژنامەنووسان وئازادیخوازان زۆرمەترسیدارە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بانگەشەی فراوان بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکەن، بەڵام فشارێکی نێودەوڵەتی زۆر لەسەر کاربەدەستانی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی پانتایی ئازادی فراوانتر بکرێت."

 هەروەها وتی" دەبینین لە بادینان ڕۆژنامەنووسان وچالاکوانان تەنها لەبەر ئەوەی ناچنە ژێر ڕکێفی حیزب ودەسەڵاتەوە دەستگیردەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە."

هەر لەو مەراسیمەدا حاجی زاهیر باوکی شەهید سورکێو (شەهیدی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات) لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ۍ شوبات، وتەیەکی پێشکەشکرد وتی" دوای نۆ ساڵ لەتیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، چی بۆ کاوە و شەهیدانی قەڵەم و شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوباتکراوە، ئێمە بەردەوام دەبین وکۆڵنادەین لەو مافەی بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە هەمانە و ئەمانە بەخوێنی ڕۆڵەی ئەم میللەتە تینوون نەک بەخوینی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئێران".

دواتر، شیرین ئەمین، هاوسەری کاوە گەرمیانی وتاری بنەماڵەی  پێشکەشکرد وتی" دەسەڵات و بەرپرسە تۆقیوەکانی ئەم دوو حیزبە بکەری سەرەکی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانن، هەر بۆیە تا ئێستا بکوژەکان بەسزای یاسایی نەگەیەنراون، لەسایەی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبەوە ڕۆژنامەنووسانی ئازا و ئازاد لەبەر دەم هەڕەشەکردنێکی زۆر مەترسیداردان و تا هەنووکەش ڕۆژنامەنووسان دەڕفێنرێن و لەزیندانەکان سزادەدرێن".

ئەو کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە ئاشکرای کرد، پڕۆژە یاسایەکیان  لە بارەی دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم بە واژۆی ٣٠ پەرلەمانتار ئاراستەی پەرلەمان کردووە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ئێستا خوێندنەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە نەکردووە.

هەروەها وتیشی ”کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، بەداخەوە ھاوشێوەی کەیسەکانی دیکە لە دادگا داخراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بە حوکمی پێگەکەمان دەستمان بە كۆكردنەوەی ھەندێک زانیاریی ورد كەوتووە لەسەر تیرۆرکردنی شەھیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، بەڵام کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی کەیسێکی ڕوونە، چونکە ئەو ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە، بە نووکی قەڵەمەکەی و بە زوومی کامێراکەی، توانیویەتی سەنگەر لە دژی سەدان بەرپرسی گەندەڵی حزبی و حکوومی بگرێت، من لێرەوە دەمەوێ باسی دوو کەسایەتی بکەم، کە ھەڕەشەیان لە ژیانی کاوە گەرمیانی کردووە، چونکە ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (ڕایەڵ) بووە، ئەو گۆڤارە تایبەت بووە بە ئاشکراکردنی كەیسی ئابڕووچوون و گەندەڵیی بەرپرسانی گەرمیان، ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی (مەحموود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا) بوون، ھەڕەشەکانی ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی، ھەڕەشەی ئێجگار گەورە بوون لەسەر ژیانی کاوە گەرمیانی."

هاوسەری کاوە گەرمیانی دەڵێت " ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یەکێتی، دەبینین ئەو حزبە لە کادیرێکی باڵاوە تاوەکوو کادیرێکی لاوەکی، حساباتێکی زۆر مەترسیداریان لەگەڵدا دەکات، ھاوشێوەی کاوە گەرمیانی مامەڵەی تیرۆریان لەگەڵدا دەکات، لە بیروباوەڕی یەکێتیدا هەر تەنیا ئەوە نییە كە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک كەیسێكی گەندەڵی ئاشکرا بکات تیرۆری بکەن، یەکێتی تەنیا هەر بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس نەوەستاوە، لە ماوەی ساڵێکدا چەندین ئەفسەری ئاسایش و دژەتیرۆر و دەزگائەمنییەکانی دیکەی خۆی، کاتێک زانیویانە مەترسین بۆ ئایدیای حزبەکەیان، پیلانی بۆ داناون و تیرۆری کردوون، ئەگەر یەکێتی کاوە گەرمیانیی بە شێویەکی ڕاستەوخۆ و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا و بە شێوازێکی دڕندانە لە باوەشی دایکیدا تیرۆر کردبێت، ئەوا ئەگەر بە درۆن و بە بۆمبی چێندراویش بووبێت، کادیرەکانی خۆی تیرۆر کردووە."

کاوە گەرمیانی نۆ ساڵ لەمەوبەر لە شەوی ٥ی کانونی یەکەم لە حەوشەی ماڵەکەی خویدا تیرۆرکراو و تا ئێستا کەسێک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنەکەی دەستگیرکراوە و سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و لە زینداندایە و کەسوکارەکەشی دەیانەوێت ئەو کەسە ئاشکرا بکەن کە لە پشت تاوانەکەوەیە.



PM:08:19:05/12/2022