دوو كوتلە سوننە لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كشانەوە

پاش هێرشی ئەمرۆ بۆ سەر مزگەوتێك لە پارێزگای دیالە كە كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، دوو كوتلەی سوننە لە پەرلەمانی عێراق كشانەوەی خۆیان لەدانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئاسوشیتدپرێس، دوو كوتلەی دیاری سەر بە سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمان‌و ساڵح موتلەگ، جێگری سەرۆك وەزیران، میلیشیا شیعەكان بە بكەری كوشتنی 68 كەس لە خەڵكی سوننە لە گوندێكی پارێزگای دیالە ناولێدەبەن.

ئەم دوو كوتلە دیارەی سوننەی عێراق، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا گفتوگۆكانیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی تازە دەستنیشانكراو هەڵپەسارد‌و داوایان لەمالیكی‌و بەرەی سەرەكی شیعە لەپەرلەمانی عێراق كرد لەماوەی 48 كاتژمێردا بكەرانی ئەو هێرشە دەستنیشان بكەن.

ئەمرۆ هەینی چەندین چەكدار هێرشیان كردەسەر مزگەوتی "سەعب كوڕی عەمیر" لە ئاوایی "بەنی عێس" لەناوچەی حەمرینی پارێزگای دیالەو پاش تەقینەوەیەكی خۆكوژی، بەدەستڕێژی گوللە 68 كەسیان لەكاتی نوێژی هەینی كوشت‌و ژمارەیەكیشان بریندار كرد.



PM:11:32:22/08/2014