لە داقوق هێرشدەکرێتە سەر جوتیارانی کورد
مەسرور بارزانی نیگەرانە


دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە گوندەکانی حەفتەغاری سەر بە قەزای داقوق زەوی جوتیاری کورد دەکێڵن لە ئەنجامدا دەبێتە شەڕی نێوان جوتیاری عەرەب و کوردو دوو جوتیاری کورد بریندار دەبێت. مەسرور بارزانیش لە راگەیاندنێکدا نیگەرانە لەو پەرەسەندانە.

ئەو دوو جوتیارە بریندارە لە دوای رووداوەکەوە تا ئەمشەو دەستگیرکرابوون، لە لێدوانیاندا بۆ میدیا کوردیەکان داوا لە یەکێتی و پارتی دەکەن کە رێکبکەون و راکان جەبوری پارێزگاری کەرکوک کە لە " عەلی حەسەن مەجید " خراپترە، بگۆڕن. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو) لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" پەلاماردانی جووتیارانی کورد لە سنووری قەزای داقوق-ی سەر بە پارێزگای کەرکووک، مایەی ئەوپەڕی نیگەرانییە".

مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ دەکات بە پەلە کۆتایی بە پەلاماردان و دەستدرێژیکردنە سەر جووتیارانی کورد لە سنووری داقوق و ناوچەکانی دیکەی کەرکووک بهێنن و دەڵێت " ئەو دەستدرێژیانە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجام دەدرێت و بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی دەرکردنی کورد و دەستبەسەرداگرتنی زەویەکانییان دەدەن".

هەروەها دەشڵێت "ئەم ڕەفتارانە دژی بنەماکانی بەیەکە وەژیانی ئاشتییانە و بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراقن و پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدرال ، سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن".



PM:08:40:07/12/2022