ئەفسەرێکی پلە باڵا لە نزیک هەولێر دەکوژرێت


بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، ئەفسەرێکی نەوت و گاز بە پلەی مقەدەم لە نزیک بنەسڵاوە لە هەولێر کوژرا.

لە ڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند" ئەفسەرێکی پۆلیسی نەوت و گاز بە پلەی مقەدەم بەناوی (اسعد رەئوف حەمەد) تەمەن (٤٨ ساڵ) دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە."

لە روونکردنەوەکەدا پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت "دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی (٩-١٢-٢٠٢٢) هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بە بوونی حاڵەتێکی تەقەکردن لە قەزای بنەسڵاوە، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە ئەفسەرێکی پۆلیسی نەوت و گاز بە پلەی مقەدەم کوژراوە".

هەروەها هاتووە" لە ئێستادا تەرمەکە گەیەندراوەتە پزیشکی دادی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران تاوەکو ڕادەستی دادگایان بکەن".



PM:05:16:09/12/2022