هاوپەیمانی نیشتمانی سەبارەت بە دوورخستنەوەی سەرۆكەكەیان روونكردنەوە دەدات


هاوپەیمانی نیشتمانی رەتیدەكەنەوە بە كۆی دەنگ، سەرۆكەكەیان لە پۆستەكەی دوورخرابێتەوە. 

وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ  چەندكەسێك كۆبونەتەوە و بەناوی دەڤەرو دامەزراوەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەیاننامەیەكی پڕ چەواشەكاریان بڵاو كردوەتەوە، كە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە.

وتەبێژی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ ئاگاداری هەموو لایەك  هاوپەیمانی هیچ ئۆرگانێكی نییە بەناوی سەركردایەتییەوە تا كۆبوونەوە بكات و  مافی بڕیاردانی هەبێت، بۆ ئاگاداریتان ئەو جوڵەیە پێچەوانەی رەوت رێسای هاوپەیمانیی نیشتمانیە".

راگەیەنراوەكە وتویەتی "هاوپەیمانی لەئێستادا سەرقاڵی دانانی لیژنەیە بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی هەمواری پەیرەوی ناوخۆ و ئامادەسازی دەكات بۆ بەستنی كۆنگرە، كە ئەوە تاكە ڕێگای یاساییە بۆ گۆڕانكاری ناوخۆیی، جگە لەوەش ئەو كەسانە زۆربەیان نەناسراون و هیچ پێگە و پۆستێكیان نیە لە ناو هاوپەیمانیدا".

ئەمڕۆبەشێك لە سەركردایەتی هاوپەیمانی ئەمڕۆ لە سلێمانی رایانگەیاند "لە كۆی حەوت دەڤەر لە شەش دەڤەر دەنگدراوە بە دورخستنەوەی ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی".

ئەو سەركردایەتیانەی هاوپەیمانیی نیشتمانی رایانگەیاند، بە زۆرینەی دەنگی سەركردایەتی و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئارام قادریان لە پۆستی سەرۆكی حزبەكە دورخستووەتەوە.

هاوپەیمانیی نیشتمانی كە لەلایەن سەرۆك كۆماری پێشووی عیراقەوە دامەزرا، دوای چوار ساڵ تەمەن و ئەمە دووەم قەیرانی سەركردایەتییە كە رووبەرووی ئەو حزبە دەبیتەوە دوای جێهشتنی بەرهەم ساڵح.



PM:08:54:09/12/2022