لەسه‌ر كوشتنی 68 کەس لەمزگەوتێكدا پەرلەمانی عێراق لەكۆبوونەوەدایە

‌ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
كۆبوونەوەی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە كوشتاری هاوڵاتیانی سوننە لەكاتێ نوێژخوێندن لە مزگەوتێكی پارێزگای دیالە روداوەکەی بنکەی سپایکەر بەردەوامە.

بڕیارە لەکۆبونەوەکەدا پەرلەمانتاران، گفتوگۆ بکەن سەبارەت بە چۆنێتی روداوی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسعه‌بی كوڕی‌ عومه‌یر و دەرخستنی راستییەکان، کە وەک ئەوەی میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە "دوێنێ له‌كاتی‌ نوێژی‌ هه‌ینیدا، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ میلیشیای‌ شیعه‌ چونه‌ته‌ ناو مزگه‌وتەکەو 68 نوێژخوێنیان كوشتوه‌".

هەر لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمان گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە کوشتارگەکەی بنکەی سەربازیی سپایکەر لە تکریت، کە لەمانگی حوزەیرانی رابردودا چەکدارانی داعش (1700) خوێندکاری کۆلێژی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراقیان لەو بنکەیە بەدیل گرت و دواتر کۆمەڵکوژ کران.

هەر ئەمڕۆش حەیدەر عەبادی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سەردانی پەرلەمانی کردو بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات، لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان کۆبویەوە.



PM:03:48:23/08/2014