یەكەم لێدوانی كاندیدی نوێی وەزارەتی ئەوقاف لەسەر وەرگرتنی پۆستەكەی


ئەحمەد كانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی رایدەگەیەنێت "شانازی بە موسڵمانبوونی خۆمەوە دەكەم، بەڵام لە ئیسلامدا دەمارگیری نییە، ئیسلام ئاینێكە رێز لە هەموو ئاینەكانی دیكە دەگرێت."

ئەحمەد كانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم بە (رووداو)ی راگەیاندووە، چاوەڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات فەرمانی دەستبەكاربوونی لە وەزارەتی ئەوقاف دەربكات، بەڵام تا ئێستاش بە فەرمی هیچ وادەیەكیان دیاری نەكردووە. 

ئەحمەد كانی ئاماژەی بەوەكردووە "پلان و رێنماییەكانی وەزارەتەكان دیارن، منیش لە چوارچێوەی ئەو رێنماییانەدا كاردەكەم و هەوڵ دەدەم خزمەتی زیاتری ئەم وەزارەتە بكەم." 
 
كانی وتیشی "وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ هەموو ئایینەكانە. شانازی بە موسڵمانبوونی خۆمەوە دەكەم، بەڵام لە ئیسلامدا دەمارگیری نییە. ئیسلام ئایینێكە رێز لە هەموو ئایینەكانی دیكە دەگرێت."
 
دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبەدا بڕیاردرا هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە پۆستی حكومی و پەرلەمانی هەیە، دەبێ دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان یەكێك لەو كەسانە بوو كە وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی هەڵبژێردرا و ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەحمەد كانی بۆ جێگرەوەی دەستنیشان كردووە.




PM:07:18:13/12/2022