کازمی "بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی‌" دەستگیردەکرێت

یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت" بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی‌ و ئەبومەهدی موهەندیس، فەرمانی دەسگیرکردن بۆ مستەفا کازمی دەردەکرێت". 

فازڵ موات زریجاوی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاند" مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کە ئێستا لە ناوچەی سەوزی بەغداد نیشتەجێیە و لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە عێراق دەپاریزرێت، لە ڕۆژانی ئایندەدا بڕیاری دەستگیرکردن‌ و لێپرسینەوەی بۆ دەردەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، کازمی بەهۆی تێوەگلانی لە "دزی سەدە و هاوکاریکردنی تیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس" لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت. 

پێشتر محەمەد حەسەن جەعفەر برای ئەبومەهدی موهەندیس کە لەگەڵ قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کوژران، لەگەڵ (٧٦) کەسی دیکە سکاڵای یاساییان لە دادگای سێیەمی کەرخ تۆمارکرد، لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق‌ و زیا موسەوی بەرپرسی هەواڵگری سەربازی عێراق، هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کوژرانی (ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانی ) کە دوو ساڵ پێش ئێستا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاوە لەگەڵ پاسەوانەکانیان کوژران.

لەم سکاڵایەدا هاتووە" سێ تۆمەتباری یەکەم بە هەماهەنگی تاوانباری چوارەم و پێنجەم فەرمانی تیرۆرکردنی قاسم سولێمانی و ئەبومەھدی موهەندیسیان دەرکردووە". 


PM:10:12:15/12/2022