ئەمساڵ بە بڕی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنان كراوە


دەستەی وەبەرهێنان ریدەگەیەنێت، ئەمساڵ 89 پڕۆژە لە نۆ سێكتەری جیاواز بە سەرمایەگوزاری زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.

حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ زۆرینەی پرۆژەكان لە هەردوو سێكتەری بازرگانی و پیشەسازی بووە و ئەو پرۆژانەش لەڕێگەی سەرمایە و وەبەرهێنەری خۆماڵییەوە بووە‌.

بەپێی ئامارەكان، تەنیا ئەمساڵ دەست بە جێبەجێكردنی 89 پرۆژەی وەبەرهێنان كراوە، بە سەرمایەی زیاتر لە دوو ملیار بووە لەسەر رووبەری دوو هەزار و 395 دۆنم زەوی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.

هەر بەپێی ئامارەكان 87 پرۆژە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە بە سەرمایەی دوو ملیار و 79 ملیۆن و 121 هەزار و 19 دۆلار بە رێژەی 97.36%ـی كۆی گشتی سەرمایەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان جێبەجێكراون.

دوو پرۆژەكەی دیكەش، یەكێكیان لەلایەن وەبەرهێنەرێكی لوبنانی بە سەرمایەی 48 ملیۆن و 97 هەزار و 800 دۆلار پرۆژەیەكی دیكەش لەلایەن وەبەرهێنەرێكی توركی بە سەرمایەی هەشت ملیۆن و 200 هەزار دۆلار دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، بە رێژەی 2.64%ـی كۆی گشتی سەرمایەی پرۆژەكان.



PM:10:03:27/12/2022