لە دژی کورد
وەزیرانی بەرگری تورکیا‌و سوریاو روسیا کۆدەبنەوە

‌دیمەنێکی سوپای روسیا و تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان..ئەرشیف
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٨ ی کانوونی یەکەم وەزیرانی بەرگریی ڕوسیا و سوریا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەخت وتووێژیان لەسەر تاوتوێکردنی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و پێویستی درێژەدان بە دیالۆگ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە سوریا ئەنجامدا، چاودێرانیش پێیانوایە کۆبوونەوەکە دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە.

بۆ یەکەمجار لە دوای ١١ ساڵ بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی بەرگری روسیا ئەمڕۆ ٢٨ کانونی یەکەم، گفتوگۆی سێ قۆڵی لە مۆسکۆ لەنێوان وەزیرانی بەرگری فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری سوریا و تورکیا ئەنجامدراو هاتووشە" ئەو سێ لایەنە گفتوگۆیان لەسەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کێشەی پەنابەران و هەوڵی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا کردووە".( چاودێران پێیانوایە هۆکاری سەرەکی کۆبوونەوەکە پیلان دانانە بۆ لەباربردنی ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان).

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ سروشتی بنیاتنەری ئەو گفتوگۆیە کراوەو جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی، بەمەبەستی سەقامگیرکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە بە گشتی، کراوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئیتلاعاتی تورکیا، خولوسی ئاکار و هاکان فیدان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتوونەتە مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی دانوستانی گرنگ لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکانیان.

پێشتر ئاکار رایگەیاندبوو "ئەگەری کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە ئارادایە لە نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا، سوریا و ڕوسیا".

تا ئێستا ئەمەریکاو هاوپەیمانی دژی داعش کە پشتگیری رۆژئاوای کوردستان دەکەن لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە.


PM:07:34:28/12/2022