دادگای باڵای فیدراڵی: رێگری هاوسەرگیری دووەم لە هەرێم پێچەوانەی یاسایە


دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایدەگەیەنێت، یاسای باری كەسێتی لەبارەی هاوسەرگیری دووەم لە هەرێم هاوتای دەستووری عێراقی نییە. 

جاسم محەمەد، سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، ماددەی ١٨ی یاسای باری كەسێتی لە هەرێمی كوردستان لە بارەی هاوسەرگیری دووەم هاوتا نییە لەگەڵ ماددەی دووی بەندی یەكی دەستووری عێراق.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دەقی یاسا عێراقییەكە بریتییە لەوەی دروست نییە یاسایەك دەربكرێت كە پێچەوانەی حوكمەكانی ئاینی ئیسلام بێت، بۆیە ماددەی ١٨ی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەمواركراو كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراوە پێچەوانەی دەستوورە.

هەروەها وتویەتی "بەندی پێنجەمی یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩لە هەرێمی كوردستان هەمواركراوەتەوە لە جێگای یاساكە كۆنەكە لە بەندی پێنجەمی ماددەكە بەم دەقە نووسراوەتەوە (ئەگەر كەسێك هاوسەرگیری دووەم ئەنجام بدات ئەوا هاوسەری یەكەمی مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات) ئەم بەندە لەگەڵ حوكمەكانی ئسیلام جیاوازە."



PM:07:00:01/01/2023