وەزیری دارایی هۆکاری نەناردنی ٤٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات


وەزیری دارایی عێراق هۆکاری نە ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەگەڕێنەتەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی و پاکتاونکردنی حسابات لەگەڵ هەرێمدا لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تا ٢٠٢٠.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ نامەیەکی فەرمی ئاراستەی ئەمینداریێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە، هۆکارەکانی رەزامەندینەدانی بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بڵاوکردووەتەوە کە حکومەتی فیدڕاڵی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڕیاری ناردنی دابوو.

 لە نووسراوەکەی وەزیری داراییدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەبێت بە گوێرەی ماددەی ١٠ی یاسای بودجەی گشتی ٢٠٢١ شایستە داراییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٠ پاکتاو بکرێن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە.

 هۆکارێکی تر بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگەڕێنێتەوە، بەگوێرەی نووسراوەکە بڕیاری ژمارە ٥٩ی ساڵی ٢٠١٢ و بڕیار ١١٠ساڵی ٢٠١٩ی دادگەی باڵای فیدڕاڵییە کە تێیدا جەخت لە گرنگی پاکتاوی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا کراوەتەوە بەر لەهەر رێوشوێنێک، کە بگیرێتەبەر لەبارەی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.
  
بڕیاری ژمارە ٥٩ی دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق کە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ دەریکردووە داوای  هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها داوایکردووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت و دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات و لەدوای جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو رێکارانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پشکەکەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دیاریبکرێت.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر وەزارەتی دارایی تێبینی هەبووە لەسەر بڕیاری هاوشێوە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرکراوە کە تایبەت بوون بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
  
ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی فیدراڵی عێراق دوو گوژمەی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ناردووە. 



PM:03:12:03/01/2023