ساڵی رابردوو زیاتر لە 19 هەزار تەن گۆشت خراونەتە بازاڕەكانی سلێمانی


هۆبەی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەساڵی رابردودا بڕی 19 هەزار تەن و 860 كیلۆ گۆشتی تەندروست ڕەوانەی بازاڕەكانی شاری سلێمانی كراون كە لەڕوی تەندروستی و بەهایی خۆراكی شیاو بون بۆ بەكارهێنان.

هۆبەی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، لەماوەی یەك ساڵی كاركردنی ستافی پزیشكی كوشتارگە لەژێر چاودێری و ڕێنمایی بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، بڕی 19 هەزار تەن و 860 كیلۆ گۆشتی تەندروست ڕەوانەی بازاڕەكانی شاری سلێمانی كراون كە لەڕوی تەندروستی و بەهایی خۆراكی شیاو بون بۆ بەكارهێنان و بەسەرجەم هەنگاوەكانی بەرهەمهێناندا تێپەڕیون كە لەڕوی پێوەرەكانی پزیشكی ستاندەر بون.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، بڕی 82 تۆن و 659 كیلۆ گۆشت لەلایەن ستافی پزیشكیەوە دیاریكراون كە لە ڕوی تەندروستی و بەهای خۆراكیەوە شیاو نەبون بۆ بەكارهێنان و بەڕێگەیی زانستی لەناوبراون، بەهەزاران ئۆرگانی لاشەیی ئاژەڵی نەشیاویش لەناوبراون، سەرو هەزار ئاژەڵی زیندوش ڕێگە بەخاوەنەكانیان نەدراوە سەر ببڕدرێن لەبەرئەوەی هەڵگری نەخۆشی بون و نێردراونەتەوە بۆ چارەسەر.




PM:11:30:07/01/2023