سودانی سەبارەت بە داوای لێبوردن لە ئێران روونكردنەوە دەدات

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەسەر بەكارهێنانی ناوی كەنداوی عەرەبی لە بری كەنداوی فارس، داوای لێبوردن لە ئێران ناكەن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیكردەوە داوای لێبوردن لە ئێران بكات، لەوەی عێراقییەكان ناوی كەنداوی عەرەبییان لە بری ناوی كەنداوی فارس بەكارهێناوە و وتی "كەنداوی عەرەبی واقعە و ناگۆڕێت".

محەمەد سودانی بە كەناڵی (دوتچەڤێل)ی ئەڵمانی راگەیاندووە "وڵاتانی كەنداوی عەرەبی واقعە و ناگۆڕێت، نامانەوێت خۆمان لەم كێشانەدا تێوەبگلێنین، كە هەندێك لایەن هەوڵی بۆ دەدەن".

سودانی دووپاتیكردەوە، رێز لە هەموو بۆچوونێك دەگرن و عێراق بەشێكە لە (سیستمی وڵاتانی عەرەبی) و داكۆكیش لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەكەن.

دوای دەستپێكردنی یارییەكانی جامی كەنداوی 25 لە بەسرە، بەكارهێنانی ناوی كەنداوی عەرەبی لە بری كەنداوی فارس بۆ پاڵەوانیەتەكە بووە هۆی دەربرینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە و داوایان لە عێراق كرد داوای لێبوردن بكات.



PM:07:37:14/01/2023