سەبارەت بە پێدانی كارەبای نیشتمانی روونكردنەوە دەدرێت


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەئێستادا بەتێكڕا 12 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لە شەو و رۆژێكدا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندوە، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەكاندا توانای بەرهەمهێنان نزیكبۆتەوە لە  سێ هەزار و 900 مێگاوات كارەبا، لە كاتێكدا خواست لەسەر كارەبا بۆ هاوبەشان حەوت هەزار مێگاواتە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی زۆری خواستی كارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا كاتەكانی بونی كارەبا بۆ هاوڵاتیان بە تێكڕای دەگاتە 12 كاتژمێر، بەڵام لە ناوچە ساردەكان نزیكەی 10 بۆ 11 كاتژمێرە، بۆ ناوچە گەرمەكانیش 12 بۆ 13 كاتژمێرە، واتە لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە.



PM:08:51:15/01/2023