رواندزی: ئەگەر لەماوەی دیاریکراودا داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن کورد لەبەغدا دەکشێتەوە

‌فریاد رواندزی
وتەبێژی وەفدی دانوستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا راگەیاند "ئەگەر لەو ماوە دیاریکراوەدا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکران، خۆ بەغدا لەئێمە مارە نەکراوەو ئێمە دەکشێینەوە، ھاوکات ئەمجارە یەکێک لەمەرجەکانیشمان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە کە ئەگەر لەماوەی دیاریکراودا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، کورد بەیەکجاری لەبەغدا دەکشێتەوە".

فریاد رواندزی وتەبێژی وەفدی دانووستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند:  لەبارەی ئەو دوو رۆژەی حەیدەر عەبادی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق دیاری کردبوو کە لایەنە سیاسییەکان کاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەکان پێشکەش بکەن وتی، ئێمە لەدانووستانەکانماندا لەگەڵ ھەردوو لایەنی شیعەو سوننەو تەنانەت لەناوخۆشماندا باسی کاندیدەکانمان نەکردووە، چونکە تائێستا قەبارەی حکومەتەکە نازانین .

وتیشی، لەبەرئەوەی حەیدەر عەبادی دەیەوێت بەھەر شێوەیەک بێت بەزووترین کات کابینەی حکومەتەکەی پێکبھێنێت، داوایەکی لەو جۆرەی ئاراستەی ئێمەو لایەنە سیاسییەکان کردووە، بەڵام ئێمە وتوومانە تا کارنامەی حکومەت تەواو نەبێت و لەسەری رێکنەکەوین و ئیمزای لەسەر نەکەین، بەھیچ شێوەیەک باسی پۆستەکان ناکەین .

رواندزی ئاماژەی بەوەشدا كە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد وەک ماددەی (١٤٠)و بودجەو مووچەو دۆسێی نەوت و پێشمەرگە و چەند بابەتێکی تر دەکەوێتە دوای پێکھێنانی حکومەت، چونکە ھیچ کام لەو بابەتانە لەچەند رۆژێکدا جێبەجێ ناکرێن، بەڵکو پێویستە حکومەت پێکبێت و حەیدەر عەبادی و کابینەکەی سوێندی یاسایی بخۆن، ئەو کاتە دەست بەجێبەجێکردنیان بکرێت، لەبەرئەوەی ئەو بابەت و پرسانە کاتیان پێویستەو دەبێت لەناو کارنامەی حکومەتیشدا جێگەیان بکرێتەوە .



PM:02:00:28/08/2014