حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی نوێی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دەركرد


حكومەتی عێراق لە نوێترین هەنگاویدا چەند بڕیارێكی دیكەی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزكردنەوەی دینار دەركرد.

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ یەكێتی ژورە بازرگانییەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری باڵای عێراقی كۆبوەوە و رایگەیاند، بەمەبەستی جێگیركردنی دراو بڕیاردراوە دەروازەی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان لە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) بكرێتەوە و بانكی ناوەندی عێراقیش بەبەهای 500 ملیۆن دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ بانكەكە دابین دەكات.

بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمانەن:

1- دەروازەیەكی نوێ بۆ بازرگانان لە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) دەكرێتەوە بەمەبەستی كڕینی دراوی بیانی.

2- بانكی ناوەندی بەبەهای 500 ملیۆن دۆلار پشتیوانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) دەكات بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ خاڵی یەكەم.

3- پرۆسەی هاوردەكردن و هەناردەكردن لەلایەن هەمو ئەو كۆمپانیایانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆماركراون و لە بوارە جیاوازەكاندا كار دەكەن، دەستپێدەكات و هەمو كارئاسانییەكیان بۆ دەكرێت.

4- ئاسانكاری بۆ هێنانی كاڵاكان دەكرێت و مەرجەكانی پێدانی بارمتە كەمدەكرێنەوە، هەروەها سزای دواكەوتنی هاوردەكردن هەڵدەوەشێنرێتەوە.

5- یەكێتی ژورە بازرگانییەكان، یەكێتیە پیشەسازییەكان و كەرتی تایبەت بەشداری دەكەن لە كۆبونەوەكانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابوری.

6- كۆبونەوەی نێوان سەرۆك وەزیران، یەكێتی ژورە بازرگانییەكان، پارێزگاری بانكی ناوەندی، بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەكان، باج، گومرگ و پێشانگا بازرگانییەكان بەشێوەی هەفتانە بەردەوام دەبێت بۆ چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكان.

7- فەرمانگەی خانوبەرە، تۆماری كۆمپانیاكان، گەشەپێدانی پیشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان و بانكی رەشید و رافیدەین بۆ كۆبونەوەكانی داهاتو بانگهێشت دەكرێن و بەشداری دەكەن.



PM:09:28:22/01/2023