لێدوانێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە سەبارەت بە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) رایدەگەیەنێت، كەش و زەمینەیەكی لەبار بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی هەیە.
 
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) پێشوازی لە رۆزماری دیكارلۆ، بریكاری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان.
 
سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاندوە، لە كۆبوونەوەیەكدا باسیان لە دۆخی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و بۆچوونی پێكهاتەكان لەسەر هەڵبژاردن، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، شەڕی دژی تیرۆر، دۆخی ئێزدییەكان و ناوچەی‌ شنگال كردووە.
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە "كەش و زەمینەیەكی لەبار بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان هەیه كە رێخۆشكەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پرسەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ڕۆژێك بۆ دەنگدان.‌"

بەهۆی ناكۆكی نێوانیان، ماوەی چەند مانگێكە، پارتی و یەكێتی گرژی كەوتۆتە نێوانیان و تیمی یەكێتیش بایكۆتی كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمیان كردووە.



PM:10:54:24/01/2023