گۆڕانكاری لە كابینەی حكومەتی عێراق دەكرێت


پێدەچێت چوار وەزیری كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا لەپۆستەكانیان دوربخرێنەوە و كەسانی دیكە بخەنە شوێنەكانیان.

سائر موخیف جبوری، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، شكستی هەندێك وەزیر هەیە دەستنیشانكراوە كە لە ڕۆژانی پێشودا سەركەوتوو نەبون لە بەڕێوەبردنی وەزارەتەكانیان، بۆیە پێویست بەوەدەكات بگۆڕدرێن و كەسانی دیكە بخرێتە شوێنەكانیان هەنگاوی یەكەمیش هەروا دەبێت و حكومەت ئامادەكاریەكانی دەستپێكردوە. 

جبوری روونیكردۆتەوە، گۆڕانكارییەكە دەتوانێت كاریگەری لەسەر بەڕێوەبەرە گشتییەكانی هەمان ئەو وەزارەتانە هەبێت، چونكە ئەوان پایەی وەزارەتن، بەشێك لە پرۆسەی كەمتەرخەمییش بەهۆی ئەوانەوەیە.

بەوتەی ناوبراو، هەماهەنگی لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و پەرلەمانیش كراوە تا چوار وەزیرەكە دوربخرێنەوە و چوار كەسی دیكە بخرێتە شوێنەكانیان.

جێی ئاماژەیە كۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشیە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی.



PM:07:49:28/01/2023