له‌باره‌ی‌ ده‌نگۆی‌ زیادكردنی‌ پاره‌ی‌ به‌شه‌ خۆراكی‌ مانگانه‌ ڕوونکردنەوە دەدرێت

به‌رپرسێكی‌ وەزارەتی‌ بازرگانی‌ و پیشەسازی‌ هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت" کوالیتیی‌ خۆراکەکان بەرز کراوەتەوە و کار دەکەن ئەو کەسانەی‌ تۆڕی‌ چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ دەیانگرێتەوە، ئەو بەشەخۆراکە زیادەی لە پارێزگاکانی‌ تری‌ عێراق دابەش دەکرێت، کوردستانیش بگرێتەوە". 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ بازرگانی‌ لە وەزارەتی‌ بازرگانی‌ و پیشەسازی‌ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" ئەو دەنگۆیەی‌ بڵاوبۆەتەوە کە بڕی‌ پاره‌ی‌ به‌شه‌ خۆراكی‌ مانگانه‌ بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێك له‌ ٧٥٠ دیناره‌وه‌ کرابێتە ١٠٠٠ دینار، ناڕاستەو هیچ بڕیارێک نییە پارەکە زیاد بکرێت بۆ ١٠٠٠ دینار". 

وتیشی‌" ئێستا دۆشاو، زەیت و شەکرو فاسولیاو نۆک و لەتکەنۆک و نیسک و برنجەکەی‌ بووەتە تایلەندی‌ و کوالیتەکەیشی‌ بەرز کراوەتەوە. برنجەکە گلەیی‌ هەیە لەسەری‌ کار دەکرێ لەسەر باشترکردنی‌ کوالیتیی‌ برنجەکە و بەردەوامیشین لەگەڵ وەزارەتی‌ بازرگانیی‌ بەغدا لەسەر خەتین تاکوو گلەییی‌ هاوڵاتیان لەسەر خۆراکەکان بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ چاک بکرێن".

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، دابەشکردنی‌ بەشە خۆراک لە هەولێر و سلێمانی‌ دەستیپێکردووە، لە چەند ڕۆژی‌ داهاتودا لەدهۆکیش دەستپێدەکات. 

نەوزاد شێخ کامیل ڕاشیگه‌یاندووه‌" ئەو خێزانانەی‌ خاوەنپێداویستیی‌ تایبەتیان هەیە و تۆڕی‌ چاودێریی‌ کۆمەڵایەتی‌ دەیانگرێتەوە مانگانە کیلۆیەک شەکر و یەک لیتر زەیت و ٢٠٠ غرام چایی و ٢٥٠ غرام شیر لەگەڵ بایەعی‌ بەو خێزانانە دەدرێ، ئێستا کوردستانی‌ نەگرتووەتەوە و لەگەڵ وەزارەتی‌ بازرگانی‌ قسەمان کردووە کوردستانیش بگرێتەوە و ئێستا وەزارەتی‌ کار و کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ سەرقاڵی‌ دروستکردنی‌ لیستەکەن بۆ بەرزکردنەوەی‌ بۆ بەغدا".

ده‌شڵێت" لەساڵی‌ ڕابردودا بەهۆی‌ نەبونی‌ گەنم لە کوردستان پێنج بەشەئارد دابەشکراوە و لە پارێزگاکانی‌ تری‌ عێراق ٧ بەشە ئارد دابەشکرا، ئێستا ڕێ کراوەتەوە و گەنممان بەسەر ئاشەکاندا دابەشکردووە". 


PM:06:03:29/01/2023