ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئیسلامی لە تورکیا لەگەڵ سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کۆبووەوە کە لەناو کوردانی باکوردا بە " جەلادە " دژە کوردەکە ناسراوە.
لە راگەیاندنێکی یەکگرتووی ئیسلامیدا لە بارەی سەردانێکی سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری حیزبەکەوە بۆ تورکیا، هاتووە " رۆژی دووشەممە ۲۰۲۳/١/٣٠ مامۆستا صلاح الدین محمد بهاوالدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە یاوەری بەڕێزان د.صلاح الدین بابەکر کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردن و د.لوقمان باسکەدێری بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندیەکان تورکیا سەردانی بەڕێز ( سولەیمان سۆیلو ) وەزیری ناوخۆی کۆماری تورکیایان لە نوسینگەی تایبەتی خۆیان لە شاری ئەنقەرە کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کارەساتەکەی پارێزگای ماردین."
هەروەها هاتووە " لە کۆبوونەوەکەدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند ئەمینداری گشتی سوپاسی بەڕێز وەزیری ناوخۆی کرد لە مەڕ بەدواداچوون و خەمخۆری بەڕێزیان لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانباران".
سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەیەو لە ٢٠١٦ ەوە وەزیری ناوخۆیە، لەناو کوردانی باکوردا بە " جەلادی " دژە کورد ناسراوەو، کەم هێرش و ئازاردانی کوردان هەیە کە راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ سۆیلۆی لە پشتەوە نەبێت.