ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٦ هه‌زار "تۆمه‌تباری" مادده‌ی هۆشبه‌ر لە عێراق دەستگیرکراون

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكه‌ره‌ دەروونییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماری چەندین دەستگیرکراوی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و خراپ بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەو وڵاتە بڵاوکردەوە. 

ڕائید بیلال سۆبحی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند" لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار و ٨٥١ تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی نیو ملیۆن تۆن و ١٥ ملیۆن حەبی ماددە هۆشبەرەکان". 

وتیشی" ٥٢٠ کەس دەستگیرکراون کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، جگە لە دەستگیرکردنی ٢٥٠ ژن لە کۆی گشتی ئەوانەی بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە ساڵی ڕابردوو سزای بەسەر حەوت هەزار و ٨٩٨ "تۆمەتباری بازرگانیکردن" بە ماددە هۆشبەرەکاندا سەپاندووە. 


PM:11:02:02/02/2023