وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی شاندێک ڕۆژی ٨ و ٩ی ئەم مانگە گفتوگۆکان لە ئەمریکا دەست پێدەکەن".
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند" ڕۆژی ٨ و ٩ی ئەم مانگە فوئاد حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات گفتوگۆکان لە ئەمریکا دەست پێدەکەن".
وتیشی" شاندەکە ئەندامانی کەرتە دارایی و بانکییەکان لە خۆدەگرێت و لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا باسی کۆمەڵێک هەلومەرج و گیروگرفت دەکەن کە جێگای گرنگی هەردوولایە".
سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی دارایی و بانکی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەگەڵ لایەنە ئەمریکییەکاندا تاوتوێ دەکرێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە نرخی دۆلار ناجێگیرە و بەردەوام نرخەکەی لە هەڵکشاندایە، ئەمڕۆش نرخی ١٠٠ دۆلار لە سەروو ١٧٠ هەزار دیناری عێراقی لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو مامەڵەی پێوە کرا.