پێشنیارێكی نوێ بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دەخرێتەڕوو


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێشنیاز كراوە مامەڵەكانی ئاڵوگۆڕ و كڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بكرێتە دینار لە بری دۆلار.

نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی  راگەیاندووە، ناجێگیری بەهای دراوەكان لەماوەی رابردوودا كاریگەری لەسەر كەمبوونی كاڵاكان نەكردووە، لەماوەی پێشتر رێژەیەكی زۆر لە كاڵا و ماددە خۆراكییەكان هاتووەتە بازاڕ و كۆگاكان، بەڵام ئەو كاریگەریەی لەسەر نرخی كاڵاكان دروستبووە، بەهۆی ئەوەوەیە كە بەشێكی زۆر لە بازرگانان بە دۆلار كاڵاكانیان بەشێوەی قەرز كڕیوە.

نەوزاد شێخ كامیل روونیكردەوە، پێشنیازیان كردووە لە مامەڵەكانی قەرز، ئاڵوگۆڕی ئۆتۆمبێل و كڕینی خانوودا بە دینار بكرێت لە بری دۆلار كە ئەمەش كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت بەهۆی زیادكردنی جوڵەی دینار لە بازاڕدا.



PM:08:19:05/02/2023