دوای داخرانی بەندەری جەیهان نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای داخرانی بەندەری جەیهان ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد. 

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٨١ دۆلار و ٨٠ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨٠ دۆلار و ٩٩ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرا. 

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکاش ٧٤ دۆلار و ٩٥ سەنتی تۆمار کرد، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٤ دۆلار و ١١ سەنت بوو. 

دوێنێ دووشەممە بوومەلەرزەیەکی گەورە لە تورکیا و سووریا و باکوور و رۆژئاوای کوردستان ڕوویدا، کە کارەکانی هەناردەکردنی نەوتی تورکیا لە بەندەری جەیهان بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا راگیرا، کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ناردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان. 


AM:09:03:07/02/2023