کەشناسی هەرێم: لە سەنتەرى شارى سلێمانى و دهۆک بەفر دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" بارستە ھەوایەکی سارد لەگەل شەپۆلێکی بەفر بارین لەسەر تەواوی ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و لە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆک بەفر دەبارێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەل نمە باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم  و هەندى جار ئاستى باران بارین دەگۆریت بۆ بارانى مامناوەند، هەروەها بەفر لە ناوچەشاخاویەکاندا و ئەو ناوچە شاخاویانەى بەرزیەکەیان دەگاتە هەزار مەتر دەبێت، لە درەنگانی ئەمشەو ئەگەرى بەفربارین لە سەنتەرى شارى سلێمانى و دهۆک بەشێوەى تێکەڵەى بەفر و باران دەبێت، لەگەڵ خۆل بارین لە ناوچەکانى کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان کە تێکەڵى باران دەبێت. 

دەشڵێت" پلەکانی گەرما نزم بوونەوەیەکی بەرچاودەبێت بە (٤ - ٥) پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و خێراى با مامناوەند  دەبێت (١٥ - ٢٥)کم، بەڵام هەندێ جار  چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٤٠)کم بە تاییبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێم بە ئاراستەی باشووری خۆرهەڵات و مەوداى بینین لە نێوان (٥ – ٦) کم دەبێت". 

دەستەی کەشناسی هەرێم دەربارەی کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە ئاماژە بەوە دەکات، ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەل نمە باران  لە زۆربەی ناوچەکان و بارینى بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا بەردەوام دەبێت، هەروەها لە کاتەکانى بەیانى زوودا ئەگەرى بارینى بەفر لە سەنتەرى شارى سلێمانى و شارى دهۆک دەبێت، پلەکانی گەرماش بە یەک تا دوو پلە نزم دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و خێراى با (١٠ - ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باشووری خۆرئاوا و مەوداى بینین لە نێوان (٦ - ٨)کم دەبێت. 



AM:10:42:07/02/2023