" فواد حسێن وەک بەرپرسێکی هەرێم پێشوازی لەلاڤرۆڤ کرد"
لافرۆف لە بەرنامەیدا نەبووە سەردانی هەولێر بکات


دەوڵەتی یاسا ئەمرۆ سێ شەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی پووچەڵکردنەوەی سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ بەغدا داوە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە بە ئەنقەست پێشوازیی لێ نەکردووەو، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حوسێن بە شێوەیەکی شەخسی مامەڵەی لەگەڵ ئەو سەردانەدا کردووە .

کازم ئەلحەیدەری ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای " ئەلمەعلومە "ڕایگەیاند "فواد حسێن مامەڵەی لەگەڵ سەردانەکەدا کردووە وەک ئەوەی نوێنەرایەتی هەرێم بێت، نەک عێراق بەگشتی"، ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد وەزیری دەرەوە هەوڵی شکستهێنان بەو سەردانە بکات، نەبوونی بەرنامەی لاڤرۆڤە بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان ".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تایبەتی و حکومەت بە گشتی کەمتەرخەمبوون". ئاماژەی بەوەشکرد، " فەرامۆشکردنی هاوپەیمانێکی وەک ڕووسیا لە ژێر فشاری کە ئێستا ئەمریکا لە عێراقی دەکات،  هەڵەیەکی گەورەیەو دەبێت هەستی پێبکرێت و چارەسەر بکرێت".

وتیشی " ئەم سەردانە بە یەکێک لەو خاڵە نەرێنیانە دادەنرێت کە لەسەر حکومەتی محەمەد شیعەی سودانی هەژمار دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت بەرهەمێنانی لەسەر ئەو خاڵە بەهێزانەی پەیوەندی عێراق و روسیا نەکردووە کە ڕیگری لە هەژموونی ئەمەریکا لەسەر عێراق بکات کە بەردەوامە".

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ناردبوو بۆ پێشوازیکردن لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کاتی گەیشتنی بۆ بەغدا و ئەمەش لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە بە کەمکردنەوەی قەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ عێراق هەژمار دەکرا کە بەهۆی فشاری ئەمەریکاوە بووە".

چەند رۆژێک پێش سەردانی وەزیری دەرەوەی روسیا میدیاکانی نزیک پارتی ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ دوای بەغدا سەردانی هەولێریش دەکات.




PM:06:16:07/02/2023