لێدوانی نوێی بەرپرسێكی عێراق سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار


بەرپرسێكی حكومەتی عێراق رایدەەیەنێت، دینار توانای راوەستانی بەرامبەر دراوە بیانیەكان هەیە و لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣یشدا پشت بەو نرخەی دۆلار دەبەسترێت كە ئەنجومەنی وەزیران دیاریكرد، هەروەها  یەدەگی دراوی عێراقیش ١١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بە هۆی كەمی خستنەرووی دۆلار و كۆمەڵێك بارودۆخ، بەهای دینار سەقامگیری لەدەستداوە، بەڵام بە ستراتیژیەكی نوێوە چاكسازی دەكرێت لە ئیدارەدانی دراوی نیشتمانی لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی چاكسازی ستراتیژی لە بەڕێوەبردنی دراودا و ئابووری عێراق هێندە بەهێزە دەتوانێت لەبەرامبەر دراوی بیانیدا رابوەستێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی دراو جێگیر دەبێت و بە جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابووری و نەختینەی دروست، نرخی دینار جێگیر دەبێت بەرامبەر دراوە بیانییەكان و دۆلار، یەدەگی پارەی عێراق ١١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لە ماوەی رابردوودا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو و بەراورد بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی عێراق بەرزبوەوە و نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٧٥ هەزار دینار.



PM:07:20:07/02/2023